گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بایدن 40 ساڵە چاوەڕوانە

لە بچوکترین ئەندامی ئەنجومەنی پیرانەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا.. چیرۆکی بایدن

2020.11.07 - 23:46
App store icon Play store icon Play store icon
لە بچوکترین ئەندامی ئەنجومەنی پیرانەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا.. چیرۆکی بایدن

ناس کورد-

جۆ بایدنی بچوکترین ئەندامی ئەنجومەنی پیران لەساڵی 1970، دوای چاوەڕوانیکردن بۆ ماوەی 40 ساڵ، توانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکای 2020 بۆ خۆی یەکلایی بکاتەوە و ببێت بە 46مین سەرۆکی ئەو وڵاتە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بایدن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا دووجاری دیکە خۆی كاندید كردووە، یەکەمجار 32 ساڵ بەرلەئێستا و لەساڵی 1988 بووە، جاری دووەمیش لە ساڵی 2008ـدا بەڵام هەردوو جارەكە شكستیهێناوە.  

 

جۆ بایدنی تەمەن 77 ساڵ بەرلەوەی ببێتە کاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتیی ئەمەریکا، پۆستی جێگری سەرۆكی هەبوو لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە لە ماوەی نێوان 2009 تا 2017، بۆ ماوەی 40 ساڵێش ئەندام بووە لە ئەنجومەنی سیناتۆرەکان.

 

بایدن ساڵی 1942 لەشاری سکرانتۆنی سەر بە ویلایەتی پەنسیلڤانیا لە دایکبووە، لە ساڵی 1969 بووەتە پارێزەر و ساڵی 1970 چووەتە بواری سیاسەتەوە و لەهەمان ساڵدا لەلایەن دیموکراتەکانەوە  بۆ ئەنجومەنی هەرێمی نیوکاسڵ هەڵبژێردرا.

 

بایدن لەساڵی 1972 لە تەمەنی 30 ساڵیدا یەکەمجار بووەتە سیناتۆر لە ئەنجومەنی پیراندا، کە ئەو کات بچوکترین سیناتۆر بوو لە رووی تەمەنەوە لە مێژووی ئەمریکا، هاوکات شەش جار لەسەریەک و بۆ ماوەی 35 ساڵ لە ئەنجومەنی پیراندا خزمەتی کردووە و لەهەموو ئەوە ماوەیەشدا سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران بووە.

 

لەساڵی 1966 كاتێك بایدن، خوێندكاری بەشی یاسا دەبێت، لەگەڵ نیڵیا هانتەر هاوسەرگیری دەكات و دەبنە خاوەنی دوو كوڕ و كچێك، بەڵام ساڵی 1972دا دوای ماوەیەكی كەم لە بوونی بە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا، هاوژینەكەی و كچەكەی لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا مردوون و دوو كوڕەكەشیان برینداربوون.

 

لەساڵی 1991 – 2007 دژایەتی جەنگی عێراقی کردووە و دژی ناردنی هێز بۆ عێراق و جەنگی لەناوبردنی ڕژێمەكەی سەدام حسێن بووە، بایدن لە 17ی كانوونی دووەمی 2017ـدا، خۆی كاندید کرد بۆ هەڵبژاردنی  سەرۆكایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020.

 

ڕۆژی (شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2020) میدیاکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان، توانی دەنگەکانی ویلایەتی پەنسیلڤانیا و نیڤادا بەدەستبهێنێت، کە ژمارەی کورسییەکانی دەستەی هەڵبژاردنی ئەو دوو ویلایەتە 26 کورسییە و بەوەش کۆی کورسییەکانی بایدن بوو بە 290 کورسی و بە 46ەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەڵبژێردرا.