ناس کورد-
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە بارەی رووداوەکەی 4ی ئەم مانگەی گوندی بێبابێی سەر بە شارۆچکەی چەمانکێ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و جەختییکردەوە کە هێزەکانیان هێرشیان نەکردووەتە سەر هیچ کەسێک، بەڵکو ئەوان هێرشیانکردووە، داواش دەکات، کێشەکان بە رێگای دیالۆگ چارەسەر بکەن.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە (شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2020) لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند:" هەندێک ڕێکخراو و دەزگای راگەیاندن باسیان لەوە کردووە کە لە 4ی تشرینی دووهەمی 2020دا لە ڕووداوێکدا لە نزیک گوندی بێبابێ سەر بە چەمانکێ، گوایە هێزەکانی ئێمە هێرشێکیان ئەنجامداوە، بەڵام ئەو هەواڵ و لێدوانانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، ناڕاستن."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "هێزەکانمان هیچ هێرشێکیان ئەنجام نەداوە، بەڵکو ئەوان لە دوو قۆڵەوە بەشێوەی ئۆپڕاسیۆن هاتوونەتە ناو ئەو کەمپەی هێزەکانی ئێمەی تێدایە، رووداوەکە بەم شێوەیەیە."
هەپەگە لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو: " ئێمە دڵگرانین لە ڕووداوێکی لەم چەشنە، پێشووتریش بۆ ئەوەی ڕووداوی بەمشێوەیە ڕوونەدات، بە ڕێگای لێدوان و بانگەوازی هۆشداریمان دابوو."
جەختیشیکردووەتەوە: "ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە کە ئۆپڕاسیۆنەکانی سەر کەمپەکانمان بوەستێنن و کێشەکان بە رێگای دیالۆگ چارەسەر بکەن."
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە بەرواری 4ی ئەم مانگەدا و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی تەمومژاوی هێزەکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و هێزەکانی پەکەکەدا لە چەمانکێ، پێشمەرگەیەک گیانیلەدەستدا و دوو پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.