ناس کورد-
سەر لەئێوارەى ئەمڕۆ هەینى و لەمیانەى پێشوازیکردن لەتەرمى د. نەجمەدین کەریم، پارێزگارى پێشووى شارى کەرکوک، د. فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق بەشێوەیەکى فەرمى وەکو نوێنەرایەتى عێراق تاجە گوڵینەى لەسەر تەرمى ناوبراو دانا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێى بەداداچوونەکانى ناس کورد بۆ مەراسیمى گەیشتنەوەى تەرمى نەجمەدین کەریم بۆ شارى هەولێرى پایتەختى هەرێم، لەدواى دانانى تاجەگوڵینە لەلایەن سەرۆکى هەرێم جێگرى سەرۆکى هەرێم و نوێنەری مەسعود بارزانى، فوئاد حسێن، ناوى وەکو وەزیرى دەرەوەى عێراق خوێنرایەوە بۆ ئەوەى تاجەگوڵینە لەسەر تەرمى د. نەجمەدین کەریم دابنێت.
لەمەراسیمى گەیشتن و بەخاکسپاردنى تەرمى د. نەجمەدین کەریم، جگە لە فوئاد حسێن هیچ بەرپرسێکى ترى عێراقى ئامادەى مەراسیمەکە نەبوو، بەو پێیەى ناوبراو دوا پۆستى پارێزگارى کەرکوک بوو کە پۆستەکە لەڕووى ئیدارییەوە سەر بەحکومەتى عێراقە.
بەهۆى ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە لەساڵى 2017، حکومەتى عێراق بڕیارى دورخستنەوەى نەجمەدین کەریمى لە پۆستەکەی دا و چەند جارێکیش فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکرد.