گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێک لە نێچیرڤان بارزانییەوە

نێچیرڤان بارزانی: لەبەردەم تەرمی د. نەجمەدیندا ئەم قسەیە دووپاتدەکەینەوە

2020.11.06 - 19:58
نێچیرڤان بارزانی: لەبەردەم تەرمی د. نەجمەدیندا ئەم قسەیە دووپاتدەکەینەوە

ناس کورد-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی پێشوازیکردن لە تەرمی د. نەجمەدین کەریم ڕایگەیاند، لەبەردەم تەرمی د. نەجمەدیندا دووپاتیدەکەنەوە کە پێویستە مادەی 140 جێبەجێبکرێت و کێشەی ناوچە کێشەلەسەرەکان چارەسەر بکرێت.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی6ی تشرینی دووەمی 2020، تەرمی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە ئەمریکاوە گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی مەراسیمێکی بۆ ڕێکخرا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد.

 

لە وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی ڕۆڵی د. نەجمەدینی کرد لە برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا و وتیشی: "دکتۆر نەجمەدین جێگەی متمانەی سەرۆک بارزانی و سەرۆک مام جەلال بوو."

 

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد: "گەورەترین هەوڵی دکتۆر نەجمەدین چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و جێبەجێکردنی مادەی 140 بوو، بەڵام بەداخەوە کە حکومەتی عێراق پابەندی دەستور نییە و تاوەکو ئێستا ئەو کێشەیە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە."

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیشیکردەوە: "لێرەوە لەبەردەم تەرمی دکتۆر نەجمەدین دووپاتیدەکەینەوە کە پێویستە پرسی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بە دیالۆگ چارەسەربکرێت و مادەی 140 جێبەجێبکرێت."

 

نەجمەدین کەریم ساڵى 1949 لەشارى کەرکوک لەدایک بووە و دواى نسکۆى شۆڕشەکەى مەلا مستەفا بەرەو ئەمەریکا کۆچى کردووە و ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتەشى هەیە و یەکێک بووە لەپزیشکە تایبەتیەکانى مەلا مستەفا بارزانی.       

  

ساڵى 2011 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم و لەسەر پشکى یەکێتى تا پێش ڕیفراندۆمەکەى هەرێم پارێزگارى ئەو شارە بووە و بەهۆى ئەو ڕوداوانەشەوە چەند جارێک فەرمانى دەستگیرکردنى لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بۆ دەرکراوە و تا پێش نەخۆشکەوتنیشى لەشارى هەولێر ژیاوە.       

  

رۆژی (30ی تشرینی یه‌كه‌می 2020) له‌ ته‌مه‌نی (71) ساڵیدا له‌ ویلایه‌تی "میریلاند" لە ئەمریکا كۆچی دوایی كرد.