گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ ئامادەی مەراسیمەکە بوو؟

بەبێ ئامادەبوونی بارزانی و هاوسەرۆکانی یەکێتی پێشوازی لە تەرمی د. نەجمەدین کەریم کرا

2020.11.06 - 19:31
بەبێ ئامادەبوونی بارزانی و هاوسەرۆکانی یەکێتی پێشوازی لە تەرمی د. نەجمەدین کەریم کرا

ناس کورد-

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی تەرمی د. نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی سیاسیی گەیشتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و هاوسەرۆکانی یەکێتی ئامادەی مەراسیمەکە نەبوون.

 

لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان  ئامادەبوون و تاجە گوڵینەیان لەسەر تەرمی د. نەجمەدین کەریم دانا.

 

ئەگەرچی بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی ئامادەی مەراسیمەکە بوون، بەڵام هەریەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتی لە مەراسیمەکە نەبیران.

 

بڕیارە هەر ئەمشەو تەرمی د. نەجمەدین کەریم لە هاوینەهەواری پیرمام بەخاک بسپێردرێت.

 

نەجمەدین کەریم ساڵى 1949 لەشارى کەرکوک لەدایک بووە و دواى نسکۆى شۆڕشەکەى مەلا مستەفا بەرەو ئەمەریکا کۆچى کردووە و ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتەشى هەیە و یەکێک بووە لەپزیشکە تایبەتیەکانى مەلا مستەفا بارزانی.     

  

ساڵى 2011 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم و لەسەر پشکى یەکێتى تا پێش ڕیفراندۆمەکەى هەرێم پارێزگارى ئەو شارە بووە و بەهۆى ئەو ڕوداوانەشەوە چەند جارێک فەرمانى دەستگیرکردنى لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بۆ دەرکراوە و تا پێش نەخۆشکەوتنیشى لەشارى هەولێر ژیاوە.     

  

رۆژی (30ی تشرینی یه‌كه‌می 2020) له‌ ته‌مه‌نی (71) ساڵیدا له‌ ویلایه‌تی "میریلاند" لە ئەمریکا كۆچی دوایی كرد.