ناس کورد- هەڤاڵ غالب
بەرەبەیانى ئەمڕۆ تەقە لەبینای دادگای بەرایی چەمچەماڵ کرا و بەهۆیەوە بەشێک لە بیناکە سوتا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆشیار سالار، بەڕێوەبەری جەی سی سی چەمچەماڵ بە ناس کوردی ڕاگەیاند (6 تشرینی دووەمی 2020) "ڕووداوەکە کاتژمێر ١:٤٥ خولەکی بەرەبەیانى ئەمرۆ ڕویداوە و بە دوو جۆر چەک تەقە لە بینای دادگای چەمچەماڵ کراوە و بەهۆیەوە ئاگر دروست بووە".
وتیشی " تەقەکان زۆربوون بەنزیکەیی ٤٠ فیشەک بەر بیناکە کەوتووەو لە بەشی پشتەوەی بیناکە تەقەکراوە و هیچ وەڵامدانەوەیەک نەبووە و تەقەکان لە ئۆتۆمبیلێکەوە کراوە".
بەوتەی بەڕێوەبەری جەی سی سی چەمچەماڵ، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە و تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەرگری شارستانی چەمچەماڵ بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند " دوای ئاگادارکردنەوەی بەرگری شارستانی تیمەکان چونە شوێنی ڕووداوەکە و بە ماوەیەکی کەم ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا".
وتیشی " فیشەکی زۆر بەر بیناکە کەوتووە، بەڵام فیشەک لە پەنجەرەوە چوەتە ژورێک کە وەک کۆگا بەکارهێنراوە و بەهۆیەوە تەواوی ژورەکە سوتاوە کە کەلوپەلی ئەساسی تێدابووە".