ناس کورد-
پڕۆفیسۆرێکى کورد رایگەیاند، دەرمانى دژە کۆرۆناى دۆزیوەتەوە و لەسەر زیاتر لە دوو هەزار نەخۆش تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنى بەدەستهێناوە.
پڕۆفیسۆر عەلی موستەفایی، داهێنەری ئەو دەرمانە کە خەڵکى کرماشانە بە ئاژانسى میهرى ئێرانى راگەیاند (هەینی 6 تشرینی دووەمی 2020)، دەرمانەکەی توانیویەتی مۆڵەتی سەرەتایی ڕێکخراوی تەندروستی ئێران وەرگرێت و پەسەند کراوە.
وتیشى "ئەم دەرمانە بە شێوەیەکی نوێ لە سەر چەندین گیای ناوچەی خۆمان دروست بووە کە تایبەتمەندی دەرمانییان هەیە".
باسى لەوەشکردووە، تا ئێستا 2 هەزار و 500 نەخۆش بەم دەرمانە لە کۆرۆنا ڕزگاریان بووە "دەرمانەکە گیاییە و هیچ پاشهاتێکی نییە و زەرەری نابێت بۆ ئەوانەی بەکاری دێنن".
بەوتەى ئەو زانایە، ئەوانەی بە سووکی تووشی کۆرۆنا بوونە بەم دەرمانە یەکسەر چاک دەبنەوە و بۆ چارەسەری ئەوانەش کە بە قورسی تووشی کۆرۆنا هاتوون زۆر بە سودە و کاریگەریی ئیجابی هەیە.
لاى خۆیەوە، مەحموود ڕەزا مورادی سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان سەبارەت بە دروست کردنی ئەم دەرمانە وتى "ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ کرماشان و ئێران، ئەگەر ئەم دەرمانە دوایین مۆڵەت بەدەست بهێنێت بە زووترین کات دەگاتە ناوەندەکانی وڵات".
هاوکات د. قوباد موحەمەدی جێگری خۆراک و دەرمانی زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان سەبارەت بە وەرگرتنی مۆڵەتی کۆتایی بۆ بەرهەم هێنان و دابەش کردنی ئەم دەرمانە رایگەیاند "هەموو ڕێوشوێنەکان گیراوەتە بەر و دۆسیەی ئەم دەرمانە نێردراوەتە تاران و ڕێکخراوی دەرمانی وڵات خەریکە دوایین لێکدانەوەی بۆ دەکات".
وتیشى پێدەچێت تا هەفتەى داهاتوو دوایین مۆڵەتی پێویست وەربگیرێت و وەک یەکەم دەرمانی کۆتایی هێنەر و یەکلایی کۆرۆنا لە جیهان کەڵکی لێوەربگیردرێت.