گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەبارەى ڕوداوەکانى چەمانکێ داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى نائاسایى پەرلەمان دەکرێت

2020.11.05 - 08:13
لەبارەى ڕوداوەکانى چەمانکێ داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى نائاسایى پەرلەمان دەکرێت

ناس کورد-

سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان یاداشتێکى ئاڕاستەى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان کرد و لەبارەى روداوەکانى ناحیەى چەمانکێ داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى نائاسایى پەرلەمان، دەکات.

 

عەبدولستار مەجید، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان لە یاداشتەکەدا کە ئاراستەى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستانى کردووە داوا دەکات پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر زیادبوونی گرژییەکانی نێوان پێشمەرگە و پەکەکە سازبکات و لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچونی ئەو بابەتە پێکبهێندرێت .

 

(4ى تشرینى دووەمى 2020) لە ناحیەى چەمانکى گرژى سەربازى لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و پەکەکە ڕویدا و تائێستاش هۆکار و ڕوداوەکانى ڕوون نین، هەردولاش یەکترى بە هەوڵدان بۆ دروستکردنى شەڕ و پێکدادانى سەربازى تۆمەتبار دەکەن.   

 

دەقی یاداشتەکە:

 

بۆ بەڕێز: سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

بابەت: کۆبوونەوەی نائاسایی

 

پاڵپشت بە بڕگەی یەکەم لە مادەی (٨) و مادەی (١٧)ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، کە سەرۆك  یان سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان  دەتوانن داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو.

 

بۆ ئەو مەبەستە داوادەکەین پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەو گرژیی و ئاڵۆزییە ئەمنی و سەربازییەی لەنێوان پێشمەرگە و پەکەکەدا دروست بووە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات و دواجار بە پێی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٤٣) لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچونی ئەم بابەتە پێکبهێنێت.

 

عەبدولستار مەجید

فراکسیۆنی کۆمەڵ