گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

84 ملیۆن دینار غەرامە

ئامارى سزا و سەرپێچى لە سلێمانى؛ داخستن و دادگاییکردنى 38 شوێن

2020.11.04 - 11:20
ئامارى سزا و سەرپێچى لە سلێمانى؛ داخستن و دادگاییکردنى 38 شوێن

ناس کورد-



لەماوەى مانگى رابردوودا بەهۆى سەرپێچییەوە 20 شوێن داخراون و 18 شوێنیش روبەرووى دادگا کراونەتەوە، ئەوەش بەپێی ئامارەکانى  لیژنە هاوبەشەكانى قایمقامیەتى سلێمانى.

 

 

بەپێى راگەیەنراوێکى لیژنەکە کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە (4ی تشرینی دووەمی 2020)، لە بەرواری (10.1 تا 2020.10.31) لیژنەكان پێنج هه‌زار و (399) سەردانیان بۆ شوێنە گشتییەكان ئەنجام داوە، به‌هۆی سه‌رپێچیكردن له‌ مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و رێنماییه‌كانی كاركردن (436) پسوڵه‌ی سه‌رپێچییان له‌شوێنه‌كان تۆماركردوه‌ هه‌روه‌ها (354) پسوڵه‌ی ئاگاداركردنه‌وه‌ بۆ پابەندی مەرج و رێنماییەكان كراوه‌.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، به‌هۆی به‌رده‌وام بون له‌سه‌رپێچی (20) شوێن داخراون (18) شوێنیی دیكه‌ روبه‌ڕوی دادگا كراونه‌ته‌وه‌.

 

لە ئامارەكەدا هاتووە، لەماوەی یەك مانگدا بڕی (58) تۆن و (750) كیلۆ گرام كاڵاوشمه‌ك و خۆراكی ماوە بەسەرچو لە ناوبراون و كۆی گشتی پارەی غەرامەكراویش له‌م مانگه‌دا بریتییه‌ لە (84) ملیۆن و (90) هه‌زار دینار كه‌ به‌پێی  یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.

 

هەرشوێنێكی كاركردن پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن نه‌بێت له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە، دواتر سزای ماددی دەدرێت، لە حاڵەتی دوبارەكردنەوەی سەرپێچیەكانیشدا روبەروی دادگا دەكرێنەوە.