گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یاسای سەرۆكایەتی بە خواستێكی نادیموكراتییانە كاراكرایەوە

ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوی گۆڕان راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە

2019.05.09 - 16:51
App store icon Play store icon Play store icon
ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوی گۆڕان راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوە دەكەن كە یاسای سەرۆكایەتی بە خواستێكی دەسەڵاتخوازانە و نادیموكراتیانە كاراكراوەتەوە. . لە راگەیەندراوی ئەو هەڵسوڕاوانەی گۆڕاندا كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە سەرەڕای ئەو هۆشدارییە روونەی كە لەلایەن رۆشنبیران و سیاسییە خەمخۆرەكان و رەوەندی كوردی و هەڵسوڕاوانەوە ئاراستەی سەركردایەتی گۆڕان كراوە لەبارەی مەترسییەكانی بەشداریكردن لە تێپەڕاندنی یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەڵام سەركردایەتی گۆڕان هیچ بایەخێكی بۆ ناڕەزایەتی و بۆچوونە جیاوازەكان نەبووە.   . لە راگەیەندراوەكەدا روونكراوەتەوە، سەركردایەتی گۆڕان ئەو ئەجێندا سیاسی و یاساییەیان جێبەجێكرد، كە دوور و نزیك پەیوەندی بە بەها و پرەنسیپە سیاسییە دیموكراتییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە.   . جەختیش لەسەر ئەوە دەكەنەوە، هاوئاهەنگی نێوان پارتی، یەكێتی و گۆڕان لە چەسپاندن و پێدانی ڕەوایەتی یاسایی زیاتر بەم سیستەمە دڵخوازەی هەڵگرانی ئایدیای میرنشینی بنەماڵەكان، وەك هەڵگەڕانەوەیەكی ئەخلاقی و سیاسی تەماشادەكەین دژی ئەو بەها و پرەنسیپە سیاسی و دیموكراتییانەی دەشێ دواڕۆژێكی باشتر و مرۆڤانەتر بۆ كۆمەڵگەی كوردستان بەدیبهێنن.   . دەقی راگەیەندراوەكە: راگەیەنراوێك بۆ رای گشتی   . ئێمە لە ڕوانگەی ‌‌ بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی و مێژوویی سەرشانمانەوە ڕوو لە خەڵكی كوردستان دەكەین و لە ئاست ئەو مەترسی و هەڵە كوشندەیەدا هەڵوێستی خۆمان دیاریدەكەین، كە دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پارتی، یەكێتی و گۆڕانەوە ئەنجامدرا و یاسای سەرۆكایەتی بە خواستێكی دەسەڵاتخوازانە و نادیموكراتییانە كاراكرایەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی سەرنەویكردنی هێزەكان بۆ سیستەمی سوڵتانی و حوكمی ڕەهای بە یاساییكراوی سەرۆك و بنەماڵەكان ژیانی سیاسی و چارەنووسی پرسی دیموكراسی بە ئایندەیەكی نادیار سپێردراوە. بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵە گەورە ترسناكانە، بۆ چەندین جار لە ڕێگەی پێشكەشكردنی یاداشتی ئاگاداركردنەوە و گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە (ڕۆشنبیران، سیاسیە خەمخۆرەكان و ڕەوەندی كوردی و هەڵسوڕاوان)ەوە هۆشداریی ڕوون بە سەركردایەتی گۆڕان دراوە دەربارەی مەترسییەكانی بەشداریكردن لە تێپەڕاندنی یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەڵام بەداخەوە، دەركەوت ئەو سەركردایەتییە هیچ بایەخێكیان بۆ ناڕەزایی و بۆچوونە جیاوازەكان نەبووە و، ئەو ئەجێندا سیاسی و یاساییەیان جێبەجێكرد، كە دوور و نزیك پەیوەندی بە بەها و پرەنسیپە سیاسییە دیموكراتییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییە.   . ئێمە وابیردەكەینەوە، كە تێپەڕاندنی یاسای سەرۆكایەتی بەهەموو دەسەڵاتەكانییەوە و ڕەتكردنەوەی بێلایەنكردن و جێگیركردنی دەنگدانی ئاشكرا بە بەربژێری سەرۆكی هەرێم، بەتەواوی بەشێكە لەو لادان و خراپكارییە سیاسی و دیموكراسی و مێژووییانەی هەتا ئێستا پایەكانی سیستەمێكی بنەماڵەیی و خێزانییان زیاتر چەسپاندووە. هاوئاهەنگی نێوان پارتی، یەكێتی و گۆڕان لە چەسپاندن و پێدانی ڕەوایەتی یاسایی زیاتر بەم سیستەمە دڵخوازەی هەڵگرانی ئایدیای میرنشینی بنەماڵەكان، وەك هەڵگەڕانەوەیەكی ئەخلاقی و سیاسی تەماشادەكەین دژی ئەو بەها و پرەنسیپە سیاسی و دیموكراتییانەی دەشێ دواڕۆژێكی باشتر و مرۆڤانەتر بۆ كۆمەڵگەی كوردستان بەدیبهێنن. ئۆباڵی ئەخلاقی و مێژوویی ئەم رووداوە دەكەوێتە ئەستۆی هەموو ئەوانەی بوونەتە بەشێك لەو پرۆسە و ڕێككەوتنە زیانمەندە سیاسی و یاساییانە.   . بەكورتی دەتوانین بڵێین، ئەوەی لەڕێگەی ئەم یاسایەوە بەرهەمدێ تۆخكردنەوەی زیاتری دەسەڵاتە سوڵتانییە گەندەڵەكەی هەرێمی كوردستانە و دوورخستنەوەی خەونی گۆڕانكاریی سیاسییە بەگشتی.   . سەرباری ئەم ڕەوشە ترسناكەی لە ئارادایە و دەیانەوێت لەژێر پەردەی خەمی ژیانی خەڵكدا پەردەپۆشیبكەن و ڕەوایەتی ناڕەوای بۆ دروستبكەن، ئێمە پێمانوایە نابێت ئینسانی كورد و هاونیشتمانی كوردستان تەسلیمی ئەو نائومێدییە ڕێكخراوە ببێت، كە كاڵبوونەوەی جیاوازی سیاسیی نێوان حیزبەكانی هەرێمی كوردستان دروستیكردووە و، بە پێچەوانەوە، گەلی ئێمە شایستەی سیستەم و ژیانێكی باشترە و، بەرپرسیارێتی هەمووانە وزەی بەرەنگاربوونەوەی خراپەكاری و هەڵە سیاسییەكان گەشەپێبدەین و قووڵتری بكەینەوە.   . ژمارەیەك لە گۆڕانخوازان 9/5/2019