ناس کورد-
سەرکردەیەکى سوننەکان ئاشکرای کرد، بەرەى نوێی سوننەکان جموجۆڵیان بەئاڕاستەى کورد و شیعە دەستپێکردووە بۆ لەکارخستنى محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان لە پۆستەکەى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بهگوێرهی راپۆرتێکى رۆژنامەى شەرقولئەوسەت کە ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردووە (3ی تشرینی دووەمی 2020)، یەزن جبورى یەکێک لە سەرکردەکانى سوننەکان رایگەیاندووە، هەموو ئەوانەى دەوترێت لەبارەى سەرکردایەتى بەرەى نوێی سوننەکانەوە بۆ چاکسازیی لە دامەزراوەى پەرلەمان، بۆ لەکارخستنى حەلبوسییە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەوە روونە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردن ترسێک هەیە لە هەژمونى حەلبوسى، ئەو پەرلەمانتارە سوننانەى داواى لەکارخستنى دەکەن جموجۆڵیان بەئاڕاستەى کورد و شیعە دەستیپێکردووە.
بەوتەى جبورى، وەڵامى کورد و شیعە بۆ ئەو داوایانە ئەوە بووە کە ئەو بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ سوننەکان، ئەگەر زۆرینەیەکى سوننى لەو بارەیەوە پێکبێت ئەوانیش مامەڵەى لەگەڵدا دەکەن.
دەشڵێت، لەکۆتایدا بڕیارەکە بەدەست کوتلەى گەورەیە کە شیعەکانە، سەربارى نەبوونى جێگرەوە بۆ حەلبوسى، ئەگەریش گەیشتن بەو ئامانجە، بۆ رۆژى دواتر پەرتدەبن، چونکە جگە لەوە ئەو بەشەى سوننەکان لەسەر هیچ شتێکى تر کۆک نین.
مانگى رابردوو ژمارەیەک پەرلەمانتار و سەرکردەى سوننەکان بەرەیەکى نوێى سیاسیان پێکهێنا بەمەبەستى خۆئامادە کردن بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو و یەکەم ئامانجیشیان کە ڕایانگەیاند لەسەر کار لابردنى محمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمانە بەهاوکارى فراکسیۆنە پەرلەمانیەکانى تر.