گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەرێم ئامادەی ڕێککەوتنەکەى میسر بووە’’

دڵنیاییەک لە حکومەتى عێراقەوە: هەرێمیش پشکی دەبێت لە ڕێککەوتنەکان

2020.11.02 - 21:16
دڵنیاییەک لە حکومەتى عێراقەوە: هەرێمیش پشکی دەبێت لە ڕێککەوتنەکان

ناس کورد-

وتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رایگەیاند، هەرێم پشکى دەبێت لە رێککەوتنە فیدراڵییەکان لەناویاندا ئەو رێککەوتنانەى لەنێوان بەغدا و میسردا واژۆکران.

 

رۆژى (31ی تشرینی یەكەمی 2020) عێراق و میسر چەند رێککەوتنێکیان لە بوارەکانى گەشەپێدانی ئابوری، وەبەرهێنان، وەزە، نیشتەجیبوون واژۆکرد، بۆ پتەوکردنى هەماهەنگى لەنێوانیاندا.

 

عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە ناس کوردى راگەیاند، (2ی تشرینی دوووەمی 2020) "ڕێککەوتنەکان ڕێککەوتنی فیدراڵی بوون و نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لەکاتی واژووکردنی ئەو ڕێککەوتنانەدا ئامادە بووە، بۆیە هەرێمی کوردستانیش پشکی دەبێت لە واژوو کردنی هەرڕێککەوتنێک.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق کە وێنەیەکی دەست  ناس کورد کەوتووە (31ی تشرینی یەكەمی 2020) مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و مستەفا مەدبولی، سەرۆكوەزیرانی میسر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەشی هەردوو حكومەتی عێراق و میسریان  کردووە.   

  

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، مستەفا كازمی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و میسری بەرزنرخاندووە و تویەتی: "عێراق بەپەرۆشەوە دەڕوانێتە  پتەوکردنی زیاتری  پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ میسر."   

  

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، كازمی خۆشحاڵی خۆشی پیشانداوە سەبارەت بەوەی بەغدا میوانداریی كارەكانی لیژنەی باڵای هاوبەشی عێراق و میسری كردووە كە لە میانیدا ژمارەیەك ڕێككەوتننامە لە بوارەكانی گواستنەوە، تەندروستیی، وزە، كارەبا، فێركردن و ڕۆشنبیری نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو دەكرێن.  

  

 سەرۆكوەزیرانی عێراق، جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە گرنگە عێراق سوود لە ئەزموونی میسر لە كەرتی نیشتەجێبوون و ئاوەدانكردنەوە ببینێت و داواشی لە كۆمپانیاكانی میسر كردووە كە بەشداری لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی عێراق بكەن.