کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- . وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی 2019ی ئامادەكردووە و خستنەبواری بودجەكەش لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا راوەستاوە. . سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناس كورد-ی راگەیاند "ئامادەكارییەكان بۆ بوودجەی 2019 كراوە و وەستاوەتەوە سەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و پابەندبوون بەو رێككەوتنە". . سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كرد، بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێك بودجە بۆ هەرێم دانەنرابوو ئاستەم بووە بتوانن بە هەنگاوی یەكەم داخوازی هەموو وەزارەتەكان جێبەجێ بكەن و بودجەی ئەمساڵیان بە 14 تریلیۆن دینار خەمڵاندووە و خەرجییەكانیان "زۆر زۆر كەم كردۆتەوە". . بەگوێرەی سەرچاوە بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی، بۆ ئامادەكردنی بوودجەكە پشتبەستراوە بە داهاتی ناوخۆ و ئەو بەشە بودجەیەی كە لە عێراقەوە بۆ هەرێم دێت لەگەڵ داهاتی نەوتی هەرێم. . سەرچاوەكە بۆ ناس كورد جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە لە بوودجەدا هیچ بڕگەیەكی تێدا نییە لەبارەی تەرخانكردنی پارە بۆ دانەوەی پارەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران و قەرزەكانی ترەوە و روونیكردەوە "بڕی پارەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم زۆرە و ناتوانرێت لە بودجەی ئەمساڵدا حسابی بۆ بكرێت". . ناس كورد زانیوویەتی لەبارەی بودجەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا لەگەڵ حكومەتی عێراق نەگەیشتووەتە رێككەوتن و تا ئێستا هەرێم پابەند نییە بەو ئیلتیزاماتانەوە كە بەغدا بۆی داناوە لەو بارەیەوە. . بەهۆی هاتنی رێكخراوی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، چەند ساڵێكە وەزارەتی دارایی هەرێم نەیتوانیوە بوودجەی ساڵانەی هەرێم دابنێت و سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان نەبوونی بوودجەی ساڵانە لە هەر وڵاتێكدا بە نیشانەی ناشەفافی و هەبوونی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات دەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە "پێنج ساڵ سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە و پڕۆژەی بودجەی نەبینیوە بێتە ناو پەرلەمان". . عیزەت سابیر، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە ناس كوردی وت "ماوەی پێنج ساڵ سەرۆكی لیژنەی دارایی بووم لە پەرلەمانی كوردستان هیچ ساڵێك بودجە نەهاتە پەرلەمان و تەنها لە كۆتایی ساڵدا دوو لاپەڕە لە وەزارەتی داراییەوە نێردرا بۆ پەرلەمان كە ڕێژەی خەرجی گشتی تێدا بوو و هیچیتر". . بە وتەی ئەندامێكی خولی سێهەمی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان هەر ئەو كات پێشنیارێكیان بۆ رێگریكردن لە ونبوونی داهات لەناو وەزارەتەكان پێشكەش كردووە بەڵام "پشتگوێ خراوە". . سەمیر سەلیم ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی سێهەمی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ناس كورد-ی روونكردەوە، كاتێك بودجە دەچێتە پەرلەمان، پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ دەكات و دەتوانێت گۆڕانكاریشی تێدا بكات، "نەوەك حكومەت بە ئارەزووی خۆی پارە بۆ پڕۆژەیەك تەرخان بكات و پڕۆژەیەكی دیكە پەراوێز بخات". . لەبارەی لێپرسینەوە لە بودجە و خەرجییەكانی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم، سەمیر سەلیم ئاماژە بەوە دەكات، داوایان كردووە هەر وەزارەتێك هەژمارێكی بانكی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ ئەوەی ئەو داهاتانە لە نێوان وەزارەتەكاندا نەفەوتێت و ئەو كات دەتوانرێت بە ئاسانی لایەنی كەمتەرخەم یاخود ناشەفاف ئاشكرا بكرێت "بەڵام جێبەجێ نەكرا". .