گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تۆمەتباری ڕووداوەکەیە

پۆلیسی فەڕەنسا لەسەر ڕووداوی خنکانی خێزانە کوردەکەی ڕۆژهەڵات کەسێکی دەستگیرکرد

2020.10.31 - 22:55
پۆلیسی فەڕەنسا لەسەر ڕووداوی خنکانی خێزانە کوردەکەی ڕۆژهەڵات کەسێکی دەستگیرکرد

ناس کورد-

دوای ئەوەی خێزانێکی پێنج کەسی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دایک، باوک و سێ منداڵ پێکهاتبوون لەگەڵ دوو کەسی دیکەدا لەکەناڵی مانش لەرێگەی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا بەلەمەکەیان ژێرئاوکەوت و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا، بە گومانی بەرپرسیاربوونی لەڕووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی فەڕەنسا کەسێکی بەڕگەز ئێرانیان دەستگیرکرد.

 

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی"حوڕە"ی ئەمریکی کەناس کورد بە داواداچوونی بۆ کردووە (شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2020)، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بەگومانی بەرپرسیارێتی لەڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی کەناڵی مانش کە لە 28ی ئەم مانگەدا بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی حەوت کەس کە پێکهاتبوون لە خێزانێکی کوردی ڕۆژهەڵات و دووکەسی دیکە، کەسێکی بەڕگەز ئێرانیان دەستگیرکردووە".

 

بەگوێرەی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا گومانی ئەوەیان هەیە ئەو کەسەی کە دەستگیرکراوە شۆفێری بەلەمەکە بووبێت، لەئێستادا لەلایەن پۆلیسەوە ڕاگیراوە و لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، ئەگەر تۆمەتەکان لەسەری ساغبێتەوە ئەو پەپێی یاساکانی فەڕەنسا (10) ساڵ زیندانی دەکرێت.

 

ئەو خێزانە کوردە لەگەڵ 22 کۆچبەری دیکە شەوی 28ی ئەم مانگە بە بەلەمێک ویستوویانە لە بەندەری کالێی فەرەنسا و لەڕێی کەناڵی مانشەوە بگەنە بەریتانیا، رەسوڵ ئێران نەژاد، تەمەن 35 ساڵان سەرۆک خێزان، شیوا محەممەد پەناهی، تەمەن 25 ساڵ، ئانیتا تەمەن 9 ساڵ، ئارمین تەمەن 6 ساڵ و ئارتین تەمەن 15 مانگ، لەدەرئەنجامی ژێرکەوتنی بەلەمەکەیان خنکان.