گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دۆلارێکی زۆر لە ماڵەکاندا هەڵگیراون’’

ڕاوێژکاری ئابوریی کازمی دوو هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دیاری دەکات

2020.10.31 - 19:41
ڕاوێژکاری ئابوریی کازمی دوو هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دیاری دەکات

ناس کورد-

ڕاوێژکاری ئابوریی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بازاڕی نەختینەی عێراق هەستیارە و خێرا هەواڵە ئابوری و سیاسییەکان کاری تێدەکات، دەشڵێت، نزیکەی 10 ملیار دۆلار لە نەختینەی بیانی لەلای هاووڵاتیان هەڵگیراوە و لەبانکەکان دانەنراوە، ئەوانەش هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو.

 

 موزهر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابوریی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەعێراق ( 31ی تشرینی یەکەمی 2020) بەماڵپەڕی "ناوەندی رەوابت"ی عێراقی کە تایبەتە بە توێژینەوە ستراتیژییەکان و ناس کورد بەدواچوونی بۆ کردووە ، وتووە: "بازاری نەختینەی عێراق هەستیارە و زۆر بەخێرایی هەواڵە ئابووریی و سیاسییەکان کاری تێدەکات کە ئەوەش وادەکات نرخی دۆلار بە شێوەیەکی بەرچاو لە بازارەکاندا بەرزبێتەوە، چونکە کاریگەری دەبێت لەسەر پڕۆسەی خواست و خستنەڕوو".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " کۆمەڵگای عێراقی تەنها باوەڕی بە نەختینە هەیە لە مامەڵە داراییەکاندا، ئەوەندە بڕوای بە چەک و قەواڵە و حەواڵە بانکییەکانییە نییە کە ئەوەش ڕۆڵێکی باڵای هەیە لەسەر سیاسەتی نەختینەیی وڵات".

 

بەوتەی ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق: "نزیکەی 10 ملیار دۆلار لە نەختینەی بیانی لەلای هاووڵاتیان هەڵگیراوە و لەبانکەکان دانەنراوە، ئەوەش وایکردووە کاریگەری  نەرێنی هەبێت لەسەر بەزبوونەوەی نرخی دۆلار"

 

ساڵح نەیشاردووەتەوە، کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ کاریگەری کردووەتە سەر هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار لەبازارەکاندا. 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: " لە 90%ی یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە دراوە بیانییەکان پێکهاتووە لەقەواڵەی دارایی کە بەکاردەهێنرێت لە تەمویل کردنی پڕۆسەی بازرگانی دەرەکی و تەنها لە 10%ی نەختینەی دۆلارە کە ئەوەش بانکی ناوەندی لەڕێگەیەوە مەزادی دراوەکان ڕێکدەخات و لەرێگەیەوە دۆلار دەفرۆشێت بە بانکە ئەهلییەکان و نووسینگەکانی دراوەکان ".

 

 لە ئێستادا نرخی دۆلار جگیر نییە و بەردەوام لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەکی کەمدایە، بەجۆرێک 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە سەرووی 125 هەزار دینارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.