ناس کورد-
نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبووەوە و ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی هەفتەی ڕابردوو بەرز نرخاند و بە رۆڵێکی پێشەیی و مرۆیانەی وەسفکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کە وێنەیەکی دەست ناس کورد کەوتووە (شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2020) ئاماژە بەوەکراوە: "ئەمڕۆ شەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی عێراق پێشوازی لە جنین بلا سخارت، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق کرد".
ئاماژە بەوەشکراوە: " لەدیدارەکەدا هەردوولا تاووتوێی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراقیان کردووە لە بوارەکانی ئاشتەوایی و کۆمەڵایەتی و بەرقەرارکردنی ئاسایشی کۆمەڵگا".
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی لەمامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی هەفتەی ڕابردوو بەرزنرخاند و بە ڕۆڵێکی پێشەیانە ومرۆیانەی وەسفکردووە.
لەساڵیادی ڕووداوەکانی تشرینی ساڵی 2019 سەدان خۆپیشاندەر و گەنجی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوو گەڕانەوە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان و ناڕازی بوون لە ئەنجام و دەستکەوتی "شۆڕشەکەیان"، کە تێیدا زیاتر لە 20 هەزار کەس برینداربوون و نزیکەی 600 کەسیش کوژران.