گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’چاوتان لە چەپڵەی خەڵک نەبێت’’

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو: پیلان دژی ئاینی ئیسلام هەیە

2020.10.31 - 16:24
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو: پیلان دژی ئاینی ئیسلام هەیە

ناس کورد-

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ڕایگەیاند، پیلان دژی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەیە و لە هەموو سەردەمەكانیشدا ئەو پیلانانە هەبوون، دەشڵێت، نابێت زانایان چاویان لە دەمی خەڵكی و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و چەپڵەی خەڵكی بێت.

 

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەمیانەی كۆنفرانسی پێنجەمی زانایان كە لە ئامەد بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت، ڕایگەیاند: "هەر ڕاپەڕین و هەر جوڵەیەك بیەوێت خزمەت بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و هاووڵاتیان و نیشتیمان بكات پێویستە زانایان و بانگخوازان ڕۆڵیان تێیدا هەبێت و ئەگەر زانایان چاویان لە دەمی خەڵكی و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و چەپڵەی خەڵكی بێت و بیانەوێت لەوێوە بڕۆنە ناو هاوڵاتیان، یان چاویان لە قبوڵی دەسەڵات و ڕازیكردنی ڕژێمەكان بێت ئەوە كارەساتەو پێویستە زانایان و بانگخوازان نەچاویان لە دەسەڵات بێ و نە لەخەڵك بێت، بەڵكو چاویان لەسەر ڕەزامەندی خوداو ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت."

 

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ووتیشی: "ئێمە لەم ڕۆژگارەدا هەست دەكەین پیلان دژی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەیە و لە هەموو سەردەمەكانیشدا ئەو پیلانانە هەبوون، بۆیە ئەركی زانایان و كەسانی بانگخواز و كۆمەڵە ئیسلامیەكان ئەوەیە زیاتر ستراتیژی بن و بیركردنەوەی قوڵمان هەبێت بۆ ڕووداو و گۆڕانكارییەكان و یەكڕیزی بپارێزین و مامەڵەی سەردەم بكەین بەو شێوەیەی كە خودا دەیەویت بە پلان و هاوسەنگی و عەقڵكاری ڕوبەڕوی كێشەكان بینەوە."

 

سەلاحەدین بەهائەدین ئەوەشی خستەڕوو: "لە وڵاتانی ئیسلامیدا بە بۆنەی تەكنەلۆژیاو چاولێكەری وڵاتانی دیكە، حاڵەتێك لە چاولێكەری و سەرنجڕاكێشی بە بێگانە زاڵە بەسەر كۆمەڵگەو بەتایبەت چینی گەنج و لاوەكانماندا، وەك ئاشكرایە تەكنەلۆجیاو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زۆر شتی تێكداوەو كۆمەڵگەكانی تێكەڵ و پێكەڵ كردوەو گەنجان بونەتەقوربانی، دەبێت لە هەمان ڕێگەو بەهەمان كەرەستە بزاڤی ئیسلامی كار لەسەر ئەو پرسە بكات."

 

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جەختیشی كردەوە: "ناكۆكی و ناڕێكی لە ئەنجامی ڕاجیاوازی، نابێت بگاتە لێك خوێندن و یەكتر شكاندن و بەربونەیەكتری و پێویستە گرنگی تەواوبدرێت بە ڕۆحی پێكەوەژیان، توندرەِوی و توندفیكر و سەرلێشوان لە مێژوودا هەر هەبووە، بەڵام لەمڕۆدا دەستانێكی بێگانە هەیە هەم ئاودێری دەكات، هەم لەڕووی هەواڵگری و دەسگا تایبەتەكانەوە پەرەی پێدەدەن و هەمیش دەیانەوێت بیناسێنن بە ئیسلامی ڕاستەقینەو هەر دەنگێك دژ نەبێت بەوە ئەوە بە كەمتەرخەمی تۆمەتبار دەكرێت كە بەداخەوە ئەوە فێڵێكی گەورەیەو ئەوە كاری زۆر دەوێت كە زانایان كاری لەسەر بكەن."

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئیسلامیەكان و زانایان و كەسانی بانگخواز دەبێت ڕێكخستنیان بۆ سەردەمەكە هەبێت و پرۆژەكەیان قوڵتر بێت لەوەی هەمیشە لە پەرچەكرداردا بن و دەبێت كرداریان هەبێت و مەشغوڵ نەبن بە پەرچەكردارو كەسانی زانا نابێت مەشغوڵ بێت بەو سیاسەتەی كە هەر ڕۆژەو بەجۆرێك خەڵكی پێ مەشغوڵ دەكەن."