گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ترس بڵاوبووەتەوە’’

ویلایەتەكانی ئەمەریكا خۆیان بۆ سیناریۆ ڕەشەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكەن

2020.10.31 - 15:27
ویلایەتەكانی ئەمەریكا خۆیان بۆ سیناریۆ ڕەشەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكەن

ناس کورد-

خاوەن دوکان و مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان لە چەندین ویلایەتى ئەمەریکا دەستیانکردووەتە قایمکردنى دەرگا و دوکانەکانیان بۆ پاراستنیان لە ئەگەرى سەرهەڵدانى هەر کردەوەیەکى توندوتیژی کە لەدواى ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کە بڕیارە لە 3ى تشرینى دووەمى داهاتوو بەڕێوەبچێت.

 

بەپێی هەواڵى میدیاکانى ئەمریکا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە (31ى تشرینى یەکەمى 2020)، ژمارەیەک لە خاوەن دوکان و بازرگانەکان سەرقاڵى قایمکردنى ڕووى دەرەوەى مارکێت و شوێنە بارزگانیەکانیان و بە تەختەدار، ئەوەش لەترسى ئەوەى دوکانەکانیان نەکەوێتە بەر تاڵانى لەئەگەرى سەرهەڵدانى توندوتیژى لەنێوان لایەنگرانى ترەمپ و بایدن دا لەکاتى ئاشکرا کردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکەدا.

 

پێشتریش ئاژانسى بلۆمبێرگ بڵاوکردبووەوە، شەقامى ڕۆدیۆ درایف لەویلایەتى فیلادلفیا ڕۆژى هەڵبژاردنەکە بەتەواوەتى دادەخرێت و شەقامى پێنجەمیش لەویلایەتى نیویۆرک بەکراوەیى دەمێنیتەوە بەڵام ئەگەر توندوتیژى ڕوویدا دەستبەجێ دادەخرێت.

 

بەپێى ڕۆژنامەى  USA Today، لە واشنتنیش بەهەمان شێوە زۆربەى باڵەخانەى هوتێل و نوسینگەکان و یانەکان و چێشتخانەکان ڕووى دەرەوەیان بەتەختەدار قایمکراوە.

 

ڕۆژنامەکە لەسەر زارى بەرپرسانى ئەمریکاشەوە ئەوەى بڵاو کردووەتەوە، خاوەن کارەکان عیبرەتیان لەڕوداوەکانى هاوینى ئەم ساڵ وەرگرتووە کە بەهۆى کوشتنى جۆرج فلۆیدەوە ڕوویدا و کە گەیشتە ئاستى توندوتیژى و تاڵانکردنى چەندین مارکێتیشى لێکەوتەوە، بۆیە خاوەن کارەکان نایانەوێت ئەو سیناریۆیانە دووبارە ببنەوە.



ئەوەش خراوەتە ڕوو، ترس و دڵەڕاوکێ لەئەمەریکا لەسەر ئەوەیە توندتیژییەکان پەڕەبسێنن  گەر ترەمپ یاخود بایدن سەربکەوێت، بەتایبەت ئەگەر هاتوو ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان دوابکەوێت بەهۆى ئەوەى زۆربەى ئەمەریکیەکان لەڕێگەى پۆستەوە دەنگیاندا لەترسى تووش نەبوون بەڤایرۆسى کۆرۆنا.



بەپێى ڕۆژنامەى دەیلى مەیلیش، ئەمەریکیەکان لەجموجۆڵى مافیا چەکدارەکانى سەر بەگروپە توندڕەوەکان دەترسن بەتایبەت دواى ئەوەى پلانێکیان بۆ ڕفاندنى حاکمى ویلایەتى میشیگان کە سەر بەدیموکراتیەکانە ئاشکرا کرا.



هاوکات ماڵپەڕى سالۆنى ئەمەریکی لە ڕاپۆرتێکدا بەناونیشانى (ئایا لایەنگرانى ترەمپ دۆڕان پەسەند دەکەن..؟)، ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە پێدەچێت دۆڕان دۆخێکى نەخوازراو بخوڵقێنێت بەهۆى ئەوەى بەردەوام ترەمپ پەیام بۆ لایەنگرانى دەنێرێت کە شکستى ئەو لەهەڵبژاردنەکەدا مەحاڵە، ئەمەش پاڵ بەلایەنگرانیەوە دەنێت کاردانەوەى توند بنوێنن ئەگەر شکست بهێنێت.