ناس کورد-
قوباد تاڵەبانی پەیامێکی لەبارەى کۆچی دوایی نەجمەدین کەریم بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەرگیز خزمەت و خەمخۆریی دكتۆر نەجمەدین ـ م بۆ تەندروستی باوکم بیر ناچێتەوە، کە بۆ چەندین ساڵ لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرەکانی لە ئەمریکا هەم وەکو پزیشک و جەڕاحێکی پێشکەوتوو، هەم وەکو هاوڕێ و دۆستێکی ئازیزی مام، دواتریش لە بەغدا و لە ئەڵمانیا، شەو و رۆژ چاودێری تەندروستی باوكمی دەكرد تا ماڵئاواییكردنی هەمیشەیی".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە (31ی تشرینی یەکەمی 2020)، نەجمەدین کەریم، پارێزگای پێشووی کەرکوک دوای نزیکەى مانگێک لە توشبوونی بە جەڵتەی مێشک، لە تەمەنی 71 ساڵیدا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی واشنتن کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆیشی، تەرمەکەى دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان.
دەقى پەیامەکە:
بەڕێزان زۆزان خان، کاکە شوان، کاک سیروان، ئەڤین خان، کاک کاروان و تەواوی بنەماڵەی دکتۆر نەجمەدین کەریم خەمبار و دڵگران بووم بەبیستنی هەواڵی کۆچی دوایی دكتۆر نەجمەدین كەریم.
كۆچكردوو، جگە لەوەی پزیشك و پارێزگار و كەسایەتییەكی سیاسی ناسراو بوو، هاوڕێ و دۆستی نزیكی سەرۆك مام جەلالیش بوو.
هەروەها یەكێك بوو لە دروستكەرانی پردی پەیوەندی لەنێوان كورد و ئەمریكا، بەندەش لەسەرەتای ژیانی سیاسیم لەو وڵاتە سودی زۆرم لە ئامۆژگاری و كارەكانی بینیوە.
لە هەمان کاتدا هەرگیز خزمەت و خەمخۆریی دكتۆر نەجمەدین ـ م بۆ تەندروستی باوکم بیر ناچێتەوە، کە بۆ چەندین ساڵ لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرەکانی لە ئەمریکا هەم وەکو پزیشک و جەڕاحێکی پێشکەوتوو، هەم وەکو هاوڕێ و دۆستێکی ئازیزی مام، دواتریش لە بەغدا و لە ئەڵمانیا، شەو و رۆژ چاودێری تەندروستی باوكمی دەكرد تا ماڵئاواییكردنی هەمیشەیی. بەم بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشیتان ئاڕاستە دەكەم و لەخوای گەورە داواكارم گیانی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبوری هەموو لایەک بدات.
إنا لله وإنا إليه راجعون
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران