گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’وتی ناچار بووم’’

هاوڕێیەکی هەندێ نهێنی لەبارەی نەجمەدین کەریم دەدرکێنێت

2020.10.31 - 12:20
هاوڕێیەکی هەندێ نهێنی لەبارەی نەجمەدین کەریم دەدرکێنێت

ناس کورد-

د. جەبار قادر، هاوڕێی نزیکی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشووی کەرکوک چەند نهێنییەک لەبارەى ژیانی ناوبراو ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "خۆزگە خوا تێکەڵی سیاسەتی نەکردایە چونکە ئەو بەناچاری ئەو کارەى کردووە."

 

د. جەبار قادر لە هەژماری خۆی "فەبسبوك" کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (31ی تشرینی یەکەمی 2020) دەڵێت، بە نەجمەدین کەریمی وتووە، "تۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسیت چۆن سەربەخۆیی و ئەوە چۆن خۆت تووشی ئەم کارە کرد. وتی: کاکە چی بکەم، وام نەکردبایە نەمدەتوانی هیچ بکەم بۆ کەرکوک."

 

ئەمڕۆ شەممە (31ی تشرینی یەکەمی 2020)، نەجمەدین کەریم، پارێزگای پێشووی کەرکوک دوای نزیکەى مانگێک لە توشبوونی بە جەڵتەی مێشک، لە تەمەنی 71 ساڵیدا و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی واشنتن کۆچی دوایی کرد، لەسەر وەسیەتی خۆیشی، تەرمەکەى دەهێنرێتەوە بۆ کوردستان.  

 


دەقی بڵاوکراوەکە:

زۆر بەداخەوە دکتۆر نەجمەدین عومەر کەریم، پارێزگاری شەرعی کەرکوک کۆچی دوایی کرد، هاوخەمی و هاوسۆزی گەرمم بۆ برای بەڕێز دکتۆر حەمەڕەشیدی برا گەورە و هەموو کەس و کاری.
دکتۆر نەجمەدین مرۆڤێکی کوردپەروەر بوو و زۆر مەبەستی بوو خزمەتی کەرکوک بکات، بەداخەوە ململانێی حیزبیی ناپەسەند ڕێگەی نەدا پرۆژەکانی جێبەجێ بکات.
زیاتر لە پەنجا ساڵ دەبێ دکتۆر نەجمەدین دەناسم، لەو کاتەوە کە لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووین. دەزانم هیچ سیاسییەکی کورد نیە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە چووبێ بۆ ئەمریکا، ئەم هەوڵی نەدابێ کۆبوونەوەی لە کەڵ کۆنگرێسمان و کاربەدەستانی ئەمریکا بۆ ڕێکنەخا. هەموو شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن و بۆ ماوەیەک سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی کورد بوو لە ئەمریکا و سەرۆکی ئینستیتوتی واشنتن بوو.
خۆزگا خۆی تێکەڵی حیزبایەتی نەکردایە، کە وادیارە بەناچاری ئەو کارەی کرد. کاتێ بوو بە پارێزگاری کەرکوک لە گەڵ برادەرێکا لە کۆیەوە چووین بۆ پیروزبایی و هەندێ ڕاوێژ و بیروڕا گۆڕینەوە لە بارەی کەرکوکەوە. پێی وتم: ئەکید تۆ هەر سەربەخۆیت و تێکەڵی حیزبایەتی نەبوویتە وەک خۆم؟. من پێم سەیر بوو و تم: تۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسیت چۆن سەربەخۆیی و ئەوە چۆن خۆت تووشی ئەم کارە کرد. وتی: کاکە چی بکەم، وام نەکردبایە نەمدەتوانی هیچ بکەم بۆ کەرکوک. دوای ئەوە قەت هەوڵم نەدا بیبینمەوە، چونکە دەمزانی ئیتر هەلپەرست و دووڕوو دەوریان داوە. ساڵانی یەکەمی دەسەڵاتی لە کەرکوک خەڵک زور بە باشی باسیان دەکرد. هەڵسەنگاندنی ڕۆڵ و کەسایەتی دەبێ بۆ مێژوو بەجێبێڵین.
ڕوحی شاد و ئاسوودە بێ و یادی زیندوو بێ.
کۆمێنتی نەگونجاو لە گەڵ ئەم بۆنە غەمگینە دەسڕمەوە.