ناس کورد-
زیاتر لە 60 پەرلەمانتاری عێراق پێشنیازى هەموارکردنى چەند بڕگەیەکیان لە یاسای خانەنشینى کردووە و داوا دەکەن بۆ کارئاسانیکردنى مامەڵەى خانەنشینى، لقى بەڕێکردنى مامەڵەکان لە هەموو دەزگاکانى حکومەت دابمەزرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، عەبدولهادى سەعداوى، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق (31ى تشرینى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە، داواى هەموارکردنەوەى یاسایى خانەنشینى یەکگرتوویان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 60 پەرلەمانتار واژۆیان کۆکردووتەوە و سەرۆکایەتى پەرلەمانیش ڕازى بووە ئەو هەموارکردنە بخرێتە چوارچێوەى پڕۆژەیاساکەوە و بۆ شەونکەوکردنیشى ڕەوانەى لیژنەى دارایشى کردووە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، پێشنیازەکە پێکهاتووە لە دامەزراندنى لق لە هەموو دەستە و دامەزراوە و وەزارەتێک بۆ ڕێکخستنى کاروبارى خانەنشینى فەرمانبەران و ڕەوانەکردنی مامەڵەکەیان بۆ خانەنشینى گشتى بۆ ئەوەى کارئاسانیان بۆ بکرێت بەمەبەستى دەرکردنى شوناسى خانەنشینى.
ڕوونیشى کردەوە، ئەو پێشنیازە ئاسانکارى بۆ بەڕێکردنى خانەنشینى فەرمانبەران دەکات و ڕۆتین ناهێلێت کە بەو هۆیەوە بۆ چەندین مانگ مامەڵەکەیان دوابکەوێت و پێشنیارەکەش پارە لەسەر حکومەت زیاد ناکات تەنها بۆ ڕێکخستنى کاروبارى مامەڵەى خانەنشینى و کەمکردنەوەى کێشەکانیانە.