ناس كورد-
بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەوان دانانی سزای پارەیان بۆ شۆفێران پێباشە كە پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی كۆرۆنا نابن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سلێمانی (30ی تشرینی یەكەمی 2020) بە ناس كوردی راگەیاند، ئەوان بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆیان زۆر پێباشە بۆ سزادانی ئەو شۆفێرانەی كە پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی كۆرۆنا نابن بۆ بەستنی دەمامک، چونكە ئەو بڕیارە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و كەسوكار و هاوڵاتیانیشە.
سەبارەت بەوەی بڕی 50 هەزار دینار بۆ سزاكە زۆر نییە، ناوبراو وتی، "ئەو بڕە پارەیە زۆر نییە و باشە، چونكە سزاكە بۆ ئەوەیە خەڵك پابەندی رێنمایی بێت تا خەڵكی دیكە گیان لەدەست نەدەن".
لەڕۆژی چوارشەممەی رابردووەوە لەشاری هەولێر و ئەمڕۆش لەشاری سلێمانی بڕیاری سزادانی ئەو شۆفێرانەی كە سەرنشینیان لەگەڵدایە و لەكاتی شۆفێریدا ماسك نابەستن كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.