ناس کورد-
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێێ ئیتاڵی دەرکەوتوو، نزیکەى 17%ی ئەو کەسانەى کە دەوترێت بە تەواوەتی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ چاک بوونەتەوە، هێشتا هەڵگری ڤایرۆسەکەن و لە لەشیاندا ماوەتەوە.
فرانچیسکۆ لاندی کە دکتۆرای لە زانسی پزیشکی هەیە و لە ناوەندی پزیشکی Fondazione Policlinico Universitario لە ڕۆمای ئیتاڵیا سەرپەرشتی توێژینەوەکەى کردووە دەڵێت، "ئەو نەخۆشانەى کە نیشانەکانی هەناسەتەنگییان دەمێنێت بە تایبەتی هەوکردنی قورگ و لوتیان هەیە، ئەگەر پشکنینی نوێ بکەن ئەگەری زۆری هەیە ئەنجامەکەى پۆزەتیڤ بێت.
توێژینەوەکە لەسەر 131 کەس ئەنجام دراوە و دەریخستووە، "پێویستە چاودێری بەردەوام بەسەر ئەو کەسانەوە هەبێت کە نیشانەکانیان دەمێنێت دوای چاکبوونەوەیان لە پەتاکە."
توێژینەوەکە سەلماندوویەتی کە 16.7%ی توشبووان ئەنجامی دووبارە پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ بووە، لەکاتێکدا هیچ نیشانەیەکی تری وەک تا و کۆکەیان نەبووە، واتە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو کەسانەدا نەبووە کە ئەنجامی پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ بووە.