ناس کورد-
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، چەکدارانی داعش دزەیان کردووەتە ھەندێ ناوچەی کەرکووک کە بۆ یەکەم جارە دەگەنە ئەو ناوچانە و دەشڵێت، زانیارییان ھەیە فەرمان بە ھێزە عێراقییەکان کراوە تەقە لە چەکدارانی داعش نەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوری حەمە عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکوکی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووک زۆر زیادی کردووە و چەکدارانی داعش گەیشتوونەتە ناوچەکانی سێگردکان و شێخ بزێنی و ناوچەی شوان، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەو ناوچانە و ڕێگەی کەرکووک- ھەولێریش لەژێر مەترسیدایە، چونکە ئەو ناوچانە دەکەونە نزیک ڕێگەی سەرەکی."
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەشكردووە: "زانیاریی ھەوالگەریمان ھەیە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە ناوچەکانی کەرکووک چەکدارانی داعش دەبینن و تەقەیان لێ ناکەن، ھەتا زانیاریمان ھەیە ئەفسەرانی عێراقی داوایان لە کارمەند و سەربازانی عێراقی کردووە تەقە لە چەکدارانی داعش نەکرێت، ئەوەش جێگەی گومان و پرسیارە، بۆچی چەکدارانی داعش بە ئاشکرا لە ھەندێ ناوچەی کەرکووک جووڵە دەکەن و ھێزەکانیش بەرەنگاریان نابنەوە."
نوری حەمە عەلی جەختیشی کردووەتەوە: "گەیشتنی دەستی داعش بۆ ھەندێ ناوچەی کەرکووک زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی پێشتر داعشیان تێدا نەبووە، ھەموو ئەو ناوچانە دەکەونە سنووری دەسەڵاتی ھێزە عێراقییەکان و ئەگەر بێت و پێشمەرگە لەو سنوورە ھەبووایە دەستی خۆی دەوەشاند."