گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دژی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتین کە دەیانەوێت کوردێک بکەنە پارێزگار

پێکهاتەی تورکمان لە کەرکوک: پۆستی پارێزگاری کەرکوک مافی تورکمانە

2019.03.05 - 18:18
پێکهاتەی تورکمان لە کەرکوک: پۆستی پارێزگاری کەرکوک مافی تورکمانە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

پاش ڕێککەوتنەکەی نێوان پارتی و یەکیتی کە پرسی پارێزگای کەرکوکیشی لە خۆ گرتبوو، پێکهاتەی تورکمان لە بارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکەوە هاتنە دەنگ و ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن.

 

نەجات حوسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە پێكهاتەی توركمان بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "وەك توركمان پۆستی پاریزگاری كەركوك بە مافی خۆمان دەزانین، دەبێت برایانی كورد ڕەچاوی ئەو مافەمان بكەن، نابێت بەپێی‌ ئیستیحقاقی هەڵبژاردن مامەڵە لە گەڵ ئەو پۆستەدا بکرێت، چونکە كورد لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە 26 كورسیان هەیە، دەتوانن بە ئاسانی پۆستی پاریزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن بۆ خۆیان یەكلا بكەنەوە".

 

ئەو ئەندامەی تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد: "بڕیاری تاکڕەوانە لە كەركوك هەڵەیە، دەبێتە هۆی تێكدانی دۆخی ئاسایش و پێكەوە ژیان، لە ڕابردووشدا ئەم جۆرە سیاسەتە تاقیكراوەتەوە، ئیستاش عەرەبەكان لە كەركوك هەمان هەڵەی كورد دووبارە دەكەنەوە، بۆیە ئەگەری هەیە ئەم جارەیان 16ی ئۆكتۆبەر دژ بە عەرەبەكان دووبارە ببێتەوە".

 

لە لایەکی ترەوە لە ڕاگەیاندراوێکدا كە وێنەیەكی دەست ناس كورد كەوتوە عەلی مەهدی صادق سەركردە لە بەرەی توركمانی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ڕایگەیاند: "وەك بەرەی توركمانی بەهەموو شێوەیەك ئەو ڕێکكەوتنەی نیوان هەردوو حزبە كوردستانییەكە ڕەتدەكەینەوە، كە بەنیازن پارێزگارێکی كورد بۆ شارەكە دابنێن".

لە ٤ی ئازار پارتی و یەكێتی لە شاری هەولێر ڕیككەوتنێکیان واژووکرد، کە چارەسەری پرسەكانی نێوانیانیان بە پرسی پارێزگای كەركوكیشەوە تێدا جێکردبووەوە.