گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەندێك زانیاری لەسەر مەولودنامە حیجازییەكەی جەعفەر بەرزنجی

2020.10.29 - 13:32
هەندێك زانیاری لەسەر مەولودنامە حیجازییەكەی جەعفەر بەرزنجی

ناس کورد-

ناوەندی كوردستان بۆ دۆكێومێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی سەر بە زانكۆی سلێمانی لە رۆژی مەولوددا پێڕستی بەناوبانگترین مەولودنامەی حیجازیی دانراوی سەید جەعفەر بەرزنجی بڵاو كردەوە.

 

بەپێی زانیارییەكانی ناوەندەكە لەپەیجی تایبەتی خۆی "فەیسبوك" كە "ناس كورد" دیویەتی (29 تشرینی یەكەمی 2020) ئەو مەلودنامەیە كە وێنەی دیجیتاڵیی لەبەردەستدایە و لەبنەڕەتدا وێنە ئۆریجناڵەكەی لە زانكۆی شا سعودی عەرەبستانی سعودیەیە زۆرترین ڕاڤەكراوە و بەشێوەیەكی بەربڵاو دەستاودەستی پێدەكرێت، مەولودنامەكەش بریتییە لەپەخشانێكی رێكوپێكی هۆنراوە ئامێز كە بەشێوازێكی ئەدەبی دەربارەی زۆر لایەنی ژیانی پێغەمبەر (د.خ) دەدوێت، ئەم مەولودنامەیەش لەزۆربەی بۆنەو كۆبوونەوەكانی مانگی ڕبیعی دووەم و ساڵیادەكانی لەدایكبوونی پێغەمبەردا (د.خ) دەخوێنرێتەوە و لە 1298ك/ 1881 ز لە میسر چاپی بەردین كراوە و 16 لاپەڕەیە.

 

ئەمەش پێڕستی وەسفی و زانستی وێنەی مەولودنامەكەیە لە ناوەندی كوردستانی زانكۆی سلێمانی:

 

مەولودنامە حیجازییەكەی سەید جەعفەری بەرزنجی

ناوی كتێب: مولد النبي للبرزنجي

دانەر: جعفر بن حسن بن عبدالكريم البرزنجي

نووسەرەوە: محمد الدسوقي عرفه

جۆری خه‌ت: ئاسایی

مێژووی نوسینه‌وه‌: 1269 ك/ 1853 ز

شوێنی پاراستن: مكتبة جامعة الملك سعود (3458)

بابه‌ت: ژیاننامەی پێغەمبەر

ژمارەى بەرگپەڕە: 10

پێڕستكردنی: یاسین تەها

ئەرشیفی دیجیتاڵیی: #ناوەندی_كوردستان، #زانكۆی_سلێمانی

 

ئەم دەستنووسە یەكێك لە بەناوبانگترین بەرهەمەكانی جەعفەر بەرزنجییە، كوڕی مەلا حەسەنی عەبدولكەریم بەرزنجی كە بە مەزڵوم بەناوبانگە (المرادي، 1988، 2/9). دانەر لە شاری مەدینە لە دایكبووە و هەر لەوێ تا پلەی مامۆستایەتی لە مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) رۆشتووە و خاوەن 30 بەرهەمی چاپكراو و دەستنووسە، ئەمەش ناوبانگی زۆری پێداوە (الحسني، 2016، 238). سەید جەعفەر كە هەڵگری نازناوی زەینەلعابدینە بە ڕاساڵ و پیاوچاكی مەدینە بەناوبانگە (الزركلي، 1980، 2/ 123)، وا وابڵاوە جەعفەر بەرزنجی لەوتاردان زۆر لێهاتوو بووە و پێشنوێژ و وتاربێژێكی باشی مزگەوتی پێغەمبەر(د.خ) بووە تا ئەوكاتەی كۆچی دوایی كردووە (1177ك/ 1764 ز) (المرادي، 1988، 2/ 9).

 

لەبەر گرنگیی پێگەی مەلا جەعفەر لەپاش ژئانئاوایی كردنی سیان لە شاعیرانی ناوداری حیجاز شیوەن و لاوانەوەیان بە شێوەی هۆنراوە بۆ داناوەو بەهۆی كاریگەریی و جوانی داڕشتنی شیوەنەكانیش شیعرەكان بوونەتە جێگەی گرنگیپێدانی ڕەخنەو لێكۆڵینەوە ئەدەبییە نوێیەكانی پەیوەست بە شاری مەدینە (الشریف، 2002، 222_ 225)، ئەم شیوەنە بۆ سەید جەعفەر شتێكی سەیر نییە ئەگەر بزانین جەعفەر بەرزنجی یەكێك بووە لە ناودارانی شاری مەدینە و پلەی موفتی شافیعییەكانی وەرگرتووە لەم شارە (الزركلي، 1980، 2/123).

 

مەلا سەید جەعفەری بەرزنجی چەند بەرهەمێكیتری هەیە، بەڵام لەناو ئەو دەستنوسانەی كە زۆرترین ڕاڤەكراوە و بەشێوەیەكی بەربڵاو دەستاودەستی پێدەكرێت مەولودنامەكەیەتی كە بریتییە لەپەخشانێكی رێكوپێكی هۆنراوە ئامێز كە بەشێوازێكی ئەدەبی دەربارەی زۆر لایەنی ژیانی پێغەمبەر (د.خ) دەدوێت، ئەم مەولودنامەیەش لەزۆربەی بۆنەو كۆبوونەوەكانی مانگی ڕبیعی دووەم و ساڵیادەكانی لەدایكبوونی پێغەمبەردا (د.خ) دەخوێنرێتەوە و لە 1298ك/ 1881 ز لە میسر چاپی بەردین كراوە و 16 لاپەڕەیە.

 

دەستخەتەكانی مەولود نامەی بەرزنجی:

جگە لەو دەستخەتەی كە پێشتر باسكرا چەندین نوسخەو دانەی نوسراوەیتری ئەم مەولودنامەیە لەبەردەستدان بەم شێوەیە:

 

ـ نوسخەی (حسن بن كرشیە) لەسەدەی 12 ك/ 18 ز نوسراوەتەوەو 9 پەڕەیەو هەر لە كتێبخانەی زانكۆی مەلیك سعود پارێزراوە.

 

ـ نوسخەی "محمد زاهد سید محمد الألشي الحسیني" كە سەدەی 12 ك/ 18 نوسراوەتەوەو هەر لە كتێبخانەی زانكۆی مەلیك سعود بەژمارەی پارێزراوە ( 6882 ق 1392/6).

 

ـ نوسخەیەكیتر بەناونیشانی "قصة المولد الشریف" كە "إبراهیم محمد نوار" لە 1318 ك/1901 ز نووسیویەتییەوەو هەر لە كتێبخانەی زانكۆی مەلیك سعودە.