گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران لە بەشێک لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى کشایەوە و وڵاتانی بەشداریش هۆشداری دەدەن

2019.05.08 - 12:19
ئێران لە بەشێک لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى کشایەوە و وڵاتانی بەشداریش هۆشداری دەدەن
ناس کورد- ئێران بڕیاری دا بە کەمکردنەوەى پابەندبوونی بە چەند بڕگەیەکى ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ساڵی 2015 و وڵاتانى بەشداریش هۆشداری دەدەنە تاران. ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی ئایاری 2019، دوای ساڵێک لە کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، ئێران بڕیاریدا بە کشانەوەى لە دوو بڕگەی گرنگی ڕێککەوتنامەکە و حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێرانیش ڕایگەیاند، "شکستی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە مەترسییە لەسەر ئێران و هەموو جیهان." هاوکات هەر بەرەبەیانى ئەمڕۆ، تاران باڵیۆزەکانى ئەڵمانیا و چین و فەڕەنسا و بەریتانیا و ڕوسیای ئاگادارکردەوە لە بڕیارەکەى. بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی، تاران 60 ڕۆژ مۆڵەتى بە وڵاتانى بەشدار لە ڕێککەوتنەکە داوا بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانى پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت و بانک لە ڕێککەوتنەکەدا. . حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، لەدوای 60 ڕۆژی داهاتوودا ئێران زیاتر پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتننامەکە کەمدەکاتەوە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمیش زیاد دەکات." ڕاشیگەیاند، "ئێران چیتر یۆرانیۆمی پیتێنراو و ئاوی قورسی نافرۆشێت بە وڵاتانی دیکە." هاوکات هۆشداریشیدا لە "وەڵامی توند" ئەگەر بێتوو جارێکى تر پرسی ئەتۆمیی ئێران ببرێتەوە ناو ئەنجومەنى ئاسایش. لەلایەکى ترەوە، وەزیرى بەرگریی فەڕەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەکەى دەیەوێت لە ڕێککەوتنەکەدا بمێنێتەوە و هۆشداریشی دا لەوەى ئەگەر بێتو تاران پابەندی ڕێککەوتننامەکە نەبێت سزاکانیان دەخەنەوە سەر بەڵام هەوڵی تەواو دەدەن بۆ ئەوەى ئێران لە ڕێککەوتنەکەدا بمێنێتەوە. هاوکات قنگ شوانگ، وەزیرى دەرەوەى چین ڕایگەیاند، پێویستە ڕێککەوتنى ئەتۆمی وەک خۆی جێبەجێبکرێت و هەموو لایەنەکانیش بەرپرسیارن لە سەرخستنى.