گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشبینى تەندروستى عێراق بۆ توشبون بە کۆرۆنا لەگەڵ دابەزینى پلەکانى گەرما 

2020.10.28 - 22:30
پێشبینى تەندروستى عێراق بۆ توشبون بە کۆرۆنا لەگەڵ دابەزینى پلەکانى گەرما 

ناس کورد-

بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە رێژەیەکی کەم زیاد بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە وەزارەتی پەروەردە لە دەسپێکی خوێندنی ئەمساڵدا ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ بکات کەوەزارەتی تەندروستی ئاڕاستەی کردون.

 

ڕیازعەبدولئەمیر، بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لەوەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی  فەرمیی عێراق  کەناس کورد بە دواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند (28ی تشرینی یەکەمی 2020) :"ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێدەچێت لە ماوەی دوی مانگی داهاتوودا و لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما هەندێک زیاد بکات، بەڵام ئەو زیادبوونە بەراورد بە وڵاتە ئەوروپییەکان زۆر کەم دەبێت".

 

وتیشی :"لەسەرەتای دەرکەوتنی پەتاکە، هاووڵاتیانی عێراق بە ڕێژەی لە 60%  پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بوون لە نەخۆشییەکە، بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕێژەیە کەمبووەتەوە بۆ لە 5%، وەزارەتی تەندروستیی هەموو ئامادەییەکی تێدایە بۆ ڕوبەروبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو".

 

ئاماژەی بەوەشکرد :"لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 50 تاقیگەی تایبەتی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، چارەسەری تایبەتیش بە نەخۆشییەکە  فەراهەم کراوە کە ئەوەش ڕۆڵی باڵای هەبووە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی مردن بەراورد بە وڵاتانی تر".

 

لەبارەی دەوامی خوێندنی ئەمساڵ بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی وتویەتی: "  کۆمەڵێک ڕێنمایی تایبەتمان ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە کردووە، دەبێت لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەدا ساڵی خوێندنى نوێ دەست پێبکات".

 

بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو:"وەزارەتی تەندروستی بەهەماهەنگی هێزە ئەمنییەکان هەموو ئەو مۆڵ، چێشتخانانە وناوەندانە دادەخات ئەگەر هاتوو سەرپێچی ڕێکارەکانی بەرگرتن بکەن لەنەخۆشییەکە".