گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شێرکۆ جەودەت لەبارەى سەردانەکەى ئەمڕۆى پەرلەمان بۆ كونسوڵخانەی فەڕەنسا هاتە دەنگ

2020.10.28 - 20:43
شێرکۆ جەودەت لەبارەى سەردانەکەى ئەمڕۆى پەرلەمان بۆ كونسوڵخانەی فەڕەنسا هاتە دەنگ

ناس كورد-

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، سەردانەكەی ئەمڕۆی شاندی پەرلەمانی كوردستان بۆ كونسوڵخانەی فەڕەنسا لەهەرێم لەگرنگی سەردانەكەی ئەوان بۆ هەمان كونسوڵخانە كەم ناكاتەوە سەبارەت بەگەیاندنی نیگەرانی بۆ بەسوكایەتیكردن بەپێغەمبەر ئیسلام (د.خ) پێگەیاندوون بەشێوەی كاریكاتێر لەفەڕەنسا.

 

د.شێركۆ جەودەت، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان بە ناس كوردی راگەیاند (28ى تشرینى یەکەمى 2020)، سەردانەكەی ئەمڕۆی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و شاندی یاوەری بۆ كونسوڵخانەی فەڕەنسا لەشاری هەولێر لەگرنگی سەردانی ئەوانی بۆ كونسوڵخانە كەم نەكردۆتەوە، چونكە ئەوانیش بەنوێنەرایەتی 25 پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكان سەردانی كونسوڵخانەیان كردبوو بۆ هەمان مەبەست.

 

ناوبراو روونیكردەوە، لەو سەردانەدا ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەسوكایەتیكردن بەپێغەمبەر ئیسلام (د.خ) پێگەیاندوون كە بەشێوەی كاریكاتێر لەفەڕەنسا بەرامبەری كراوە و داوایان لێكردووە ئەو ناڕەزایەتییەیان بگەیەنێتە وڵاتەكەی، هەروەها باسی یەكڕیزی و پێكەوەژیان رێزگرتن لەئاینەكان و مافی مرۆڤ و ئازادییەكان كراوە، سوپاسی فەڕەنساشیان كردووە بۆ هاوكارییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان.

 

(28ى تشرینى یەکەمى 2020) هێمن هەورامى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بەهاوەڵى سەرۆکى فراکسیۆنەکانى پارتى و یەکێتى و گۆڕان و پێکهاتەکان سەردانى کونسڵخانەى فەڕەنسایان لە هەولێر کرد و لە میانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا هەورامى وتى "فەرەنسا تاکە پشتیوانى راستەقینەى هەرێمى کوردستانە، هەر هەڵوێستێک لەهەر پەرلەمانتارێکەوە بەرانبەر بەو وڵاتە گوزارشت لە پەرلەمان و هەرێمى کوردستان ناکات".  

 

وتیشى "هەڵوێستى فەرمى ئێمە ئەوەیە کە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنى فەڕەنسا و هەڵوێستەکانى، ئیدانەى هەر جۆرە لێدوان و دەربڕینێک دەکەین کە پێکەوەژیانى ئاینەکان نادیدە بگرێت".  

 

ئەوە لەکاتێکدایە 25 ئەندامى پەرلەمانى کوردستان (2020/10/26) یاداشتێکى نیگەرانییان ئاڕاستەى کونسوڵى فەرەنسا لە هەرێم کرد لەبارەى لێدوانەکانى ئەم دواییەى سەرۆکى ئەو وڵاتە لەسەر ئیسلام کە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە.    

 

ماوەیەكە پەیوەندی جیهانی ئیسلامی و كۆماری فەرەنسا گرژی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوای سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی كە كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام كردبوو قەیرانەكە قووڵتر بووەتەوە.      

 

لەدوا پێشهاتی ئەو ئاڵۆزییەشدا ماكرۆن هەڵمەتێكی گەورەی بەرپاكردووە بۆ دژایەتی دیاردەیەك كە ناوی ناوە "تیرۆری ئیسلامی" لەم میانەیەشدا رێگەی داوە بە نمایشكردنەوەی كاریكاتێرەكان كە موسوڵمانەكان بە سوكایەتی و بێڕێزی دژ بە پێغەمبەری لەقەڵەم دەدەن.