گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی دادوەرێكی عێراقی لەبارەی گەشتی نەجمەدین كەریم بۆ ئەمەریكا

2020.10.28 - 20:05
لێدوانی دادوەرێكی عێراقی لەبارەی گەشتی نەجمەدین كەریم بۆ ئەمەریكا

ناس کورد-

دادوەرێكی عێراقی بە رۆژنامەیەكی چاپی لەندەنی راگەیاندووە، سەفەری نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك كە لە دادگاكانی عێراق داواكراوە بەبێ ئاگاداری حكومەتی فیدراڵی و دامودەزگا قەزاییەكانییەتی.

 

دادوەرەكە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی ئەلەكترۆنیی "العربي الجدید" كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (28 تشرینی یەكەمی 2020)، باس لەوە دەكات بەهۆی ئەوەی نەجمەدین كەریم هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریكییە، هەركات بیەوێت كۆچ دەكات "بەڵام بەرپرسیارێتی دەرچوونی ناوبراو لە ئەستۆی حكومەتی هەولێر و پۆلیسی ئینتەرپوڵە كە رایاننەگرتووە لەكاتێكدا هێشتا داواكراوە و فرمانی گرتنی هەیە".

 

هەر لەمبارەیەوە پەرلەمانتارێكی عێراقی كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی تۆمەتی هەندێ لە سەركردەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان (25 ئەیلولی 2017) هەڵگیراون، هەرچەندە هەندێك لەوانەش بەشداربوون لەهاندانی خەڵك دژی سوپای عێراق، كە لە ئاڵتون كۆبری (پردێ) كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە بەقسەی پەرلەمانتارەكە.

 

زیاتر لە 22 ڕۆژە بەهۆى تێکچوونى دۆخى تەندروستى و  توشبوونى بە جەڵتەى دڵ، نەجمەدین کەریم کوردستانى جێهێشت و لە نەخۆشخانەیەکی واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا چاودێری دەکرێت.

 

نەجمەدین کەریم ساڵى 1949 لەشارى کەرکوک لەدایک بووە و دواى نسکۆى شۆڕشەکەى مەلا مستەفا بەرەو ئەمەریکا کۆچى کردووە و ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتەشى هەیە و یەکێک بووە لەپزیشکە تایبەتیەکانى مەلا مستەفا بارزانی. 

 

ساڵى 2011 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێم و لەسەر پشکى یەکێتى تا پێش ڕیفراندۆمەکەى هەرێم پارێزگارى ئەو شارە بووە و بەهۆى ئەو ڕوداوانەشەوە چەند جارێک فەرمانى دەستگیرکردنى لەلایەن دادگاکانى عێراقەوە بۆ دەرکراوە و تا پێش نەخۆشکەوتنیشى لەشارى هەولێر ژیاوە.