گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرھەم ساڵح: ھیوادارم ھەمومان بەھا جوانەکانی ئیسلام به‌راستگۆیی به‌رجه‌سته‌ بکه‌ین

2020.10.28 - 17:19
بەرھەم ساڵح: ھیوادارم ھەمومان بەھا جوانەکانی ئیسلام به‌راستگۆیی به‌رجه‌سته‌ بکه‌ین

ناس کورد-

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمارى عێراق لە يادى لەدايكبونى پێغەمبەرى ئيسلام محەمەد "درودى خواى لەسەر بێت" بەپێویستیدەزانێت زیاتر چاو لەو ڕابەرەى مرۆڤایەتى بکرێت.

 

بەرهەم ساڵح، لەمیانەى پێشکەشکردنى وتارێک بە بۆنەى يادى لەدايكبونى پێغەمبەرى ئيسلام (د.خ) رایگەیاند (28ى تشرینى یەکەمى 2020)،پێويستە زياتر چاو لە گەورەترين پێغەمبەر بكەين، ڕێكخراوە تيرۆرستيەكان موسوڵمانان و مەسيحيەكان و كەسانى تريش وەك يەك دەكوژن.

 

باسى لەوەشكرد، تيرۆر مەترسى ڕاستەوخۆيە لەسەر شێواندنى ئايين، تيرۆر ئيرادەيەكى داگيركەرە دەيەوێت وێنەيەكى ڕەش و ناشرين بدات بە كەسايەتى پێغەمبەر.

 

 

دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمار:

 

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

 

"وما أرسلناكَ إلا رحمةً للعالمين"

صدق الله العظيم

 

بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزن محەممەد (درودی خوای لێ بێت) پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی موسڵمانان و مرۆڤایەتی دەکەم، ھیوادارم لەم یادە پیرۆزەدا ھەموومان بەھا جوانەکانی ئیسلام به‌راستگۆیی به‌رجه‌سته‌ بکه‌ین کە خۆی لە دادپەروەری و لێبوردەیی و یەکتر قبوڵکردندا دەبینێتەوە.

 

ھەر بەم بۆنەیەشەوە داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌که‌م به‌ره‌چاوکردنی خۆپارێزی له‌ په‌تای کۆرۆنا ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ بکه‌نه‌وه‌ و ژیانی خۆیان و خێزانه‌کانیان بپارێزن ھەم لەکاتی ئەم یادە و ھەم لەکاتەکانی تردا.

 

بەپابەندبوون بەرێبازی پێغەمبەر کە ھەمیشە موسڵمانانی ھانداوە بۆ دورکەوتنەوە لە ھەرشتێک کەزیانی بۆ خۆیان و بۆ خەڵكی تر ھەبووبێ، هیوادارم بتوانین له‌سه‌ر رێی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ ‌بین که‌ خوای گه‌وره‌ له‌ باره‌یه‌وه‌ فه‌رموویه‌تی (وإنك لعلى خلق عظيم).

 

ئەم یادە پیرۆزە لە سەردەمێکدا دەکەینەوە کە تیرۆرستان دەیانەوێ بەھا پیرۆزەکانی ئیسلام بشێوێنن، ئه‌وانه‌ مەترسیین بۆ سەر ئاین و گیان و ماڵی هاووڵاتیان بێ جیاوازی و‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌ ئاینه‌که‌مانه‌وه‌ نییه‌ و ئیسلام بێبه‌ریه‌ لێیان، سڵ له ‌هیچ تاوانێکی کوشتن و له‌ناوبردنی خه‌ڵکی بێتاوان ناکه‌نه‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ به ‌روونی له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ره‌تکراوه‌ته‌وه‌، وه‌ک خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێت: "مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا".. ئه‌مه‌ بنه‌مای رێزگرتنی ئیسلامه‌ که‌ له‌ قورئانی پییرۆزدا هاتووه‌.

 

بۆیە ئەرکی سەرشانی ھەموومانە بەتایبەتی زانایانی ئاینیی کە دژی ئەو گروپ و تاقمە تیرۆرستانە بوەستنەوە و رێگە نەدەین ئاینی پیرۆزی ئیسلام که‌ ئاینیی ئاشتی و لێبوردەییە بەکاربھێنن و نییه‌تی شه‌ره‌نگێزانه‌ی خۆیانی پێ په‌ره‌ده‌پۆش بکه‌ن.

 

پێویستە ئەم یادە پیرۆزە ھانمان بدات بە راستی دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دابین بکەین، دژی گەندەڵی و گەندەڵکاران بوەستینەوە، ئەوانەی قوت و ژیانی خەڵک و خیزانەکانیان بەتاڵان دەبەن و بە پارەی حەرام گیرفانی خۆیان پر دەکەن سزا بدرێن.

 

کاتێ ئه‌م یاده‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌به‌رده‌م قۆناغێکی گرنگی بیناکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تداین بۆ فەراھەمکردنی دادپه‌روه‌ری و ئازادی و رێزگرتن له‌ که‌رامه‌تی مرۆڤه‌کان، ئه‌مه‌ش له‌رێگای ئه‌نجامدانی چاکسازی راسته‌قینه ‌و ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌رد، بۆ بەدیھێنانی حکومڕانییەکی تەندروست و خزمەتگوزار.

 

ھاووڵاتیانی خۆشەویست...

لەکۆتاییدا و جارێکی تریش له‌م یاده‌ مه‌زنه‌دا پیرۆزبایی لە تەواوی موسلمانان دەکەم و پیرۆزبایی لە ھەموو ھاووڵاتیان دەکەم، هیوادارم له‌سایه‌ی هه‌لومه‌‌رجێکی باشتر به‌یه‌که‌وه‌ ئه‌م یاده‌ بکه‌ینه‌وه‌، داواکارم له‌خوای گه‌وره‌ هاوکارمان بێت.

 

ئێوەش ھەر ئاسودە و سەرکەوتوو و سەلامەت بن".