گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە سەردانە بەپەلەکەیدا پۆمپیۆ چی بە بەرپرسانى عێراق وت؟ یان ئەمریکا یان ئێران [تایبەت]

2019.05.08 - 10:31
App store icon Play store icon Play store icon
لە سەردانە بەپەلەکەیدا پۆمپیۆ چی بە بەرپرسانى عێراق وت؟ یان ئەمریکا یان ئێران [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد-سۆران ڕەشید هەڵوەشاندنەوەى کۆبوونەوەکەى پۆمپیۆ لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانی و هاتنی بۆ عێراق بە سەردانێکى بەپەلە و ڕانەگەیەنراو ئاماژەیە بۆئەوەى شتێکى گرنگ هەیە و ناکرێت دوابخرێت، پێدەچێت ئەمریکا زانیاریی تەواوی پێگەیشتبێت لە نزیکیی بەئامانجگرتنى بەرژەوەندییەکانى لە عێراق و ناوچەکە. ئەوەتا وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پۆمپیۆ لە فینلەنداوە چووەتە عێراق بۆ تاوتوێکردنی "بابەتێکى گرنگ". شەوی ڕابردوو، سێشەممە 7ی ئایاری 2019، مایک پۆمیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیراندا کۆبووەوە. . مایک پۆمپیۆ لەکاتی بەجێهێشتنى عێراق و لە فڕۆکەکەیدا بەو ڕۆژنامەنوسانەى وت کە لەگەڵیدا بوون، هاتنی بۆ عێراق بەهۆى هەڕەشەکانى ئێرانەوەیە لە ناوچەکە و جەختیکردەوە لەوەى دەیانەوێت عێراق سەربەخۆ بێت و پشت بە هیچ لایەکی تر نەبەستێت. پۆمپیۆ وتی، "باسمان لە گرنگی توانای عێراق کرد بۆ پاراستنى گیانى ئەمریکییەکان لە وڵاتەکەى و بەرپرسیانى عێراقیش ئەوەیان نیشاندا کە دەزانن ئەوە بەرپرسیارێتى ئەوانە." هەرچەندە پۆمپیۆ ڕەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەک لەبارەى زانیارییە هەواڵگرییەکانیانەوە بکات بەڵام وتی، "ویستمان زیاتر ئاگاداربن لەبارەى زیادبوونی ئەو هەڕەشانەى کە ئێمە دەیبینین و زانیاری زیاتریان پێ بدەین تاوەکو ئەوەى لە توانایاندا بێت بۆ پاراستنى تیمەکەمان لە عیراق ئەنجامی بدەن." ئاماژەى بەوەشکرد، "ئەوانیش تێگەیشتن، چونکە بۆ وڵاتەکەی خۆیان گرنگە. ئێمە نامانەوێت هیچ وڵاتێک دەستێوەردان لە وڵاتەکەیاندا بکات نەخاسمە ئەوەى لەناو عێراق هێرش بکرێتە سەر وڵاتێکى تر، ڕێککەوتنى تەواویش لەسەر ئەوە کراوە." پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پۆمپیۆ و لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەنوسی هەفتانەیدا، عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاند، عێراق پابەندە بە پاراستنى سەرجەم ئەو نێردە بیانییانەى لە عێراق کار دەکەن و هەرگیز ڕێگە بە دەستدرێژی بۆسەر هیچ بەرەگایەکى سەربازی یان باڵیۆز یان کۆمپانیای بیانی نادەن لە عێراق و ناشبنە بەشێک لە سزا بۆسەر هیچ وڵاتێک." پۆمپیۆ وتیشی، لەگەڵ بەرپرسانى عێراق قسەى کردووە لەبارەى وزە و ژێرخان بە تایبەتى لە بواری کارەبا و نەوت و غازی سروشتی و چەند پڕۆژەیەکى گرنگ کە ژیانى عێراقییەکان باشتر دەکات. .

"بە هیچ شێوەیەک لێبوردە نابین"

باسل حوسێن، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی دیراساتى ستراتیژی عێراقی دەڵێت، بەپێی زانیارییەکانى ئەو پۆمپیۆ بە عادل عەبدولمەهدی وتووە، "زانیاریمان تەواومان هەیە لە هەوڵی بەئامانجگرتنى بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق و پەیامی ئێمەش ڕوونە کە بە هیچ شێوەیەک لێبوردە نابین و پێویستە لە پەیامەکەمان تێبگەن وەک چۆن دەبێت ئێران و هاوپەیمانەکانیشی تێبگەن." باسل حوسێن دەشڵێت، "پۆمپیۆ لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی باسی لەو ڕێکار و ماوەیە کردووە کە عێراق دەتوانێت خۆی لە پشتبەستن لە وزەى ئێران ڕزگاربکات." ڕاشیگەیاند، "پۆمپیۆ بە عێراقییەکانى وتووە کە بە هیچ شێوەیەک لێبوردە نابن بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆسەر بەرژەوەندی و سوپای ئەمریکا و ئەو کەسانەشی کە هەڵگری ڕەگەزنامەى ئەو وڵاتەن." ئاماژەى بەوەشکردووە، "پۆمپیۆ بە عەبدولمەهدی ڕاگەیاندووە کە پێویستە حکومەتەکەى خۆی یەکلایی بکاتەوە لەگەڵ ئێران دەبێت یان لەگەڵ ئەمریکا، چونکە پشتیوانى ئەمریکا چەکێکى بانکیی سپی نییە لە بەردەستى عێراقییەکاندا." سەردانەکەى پۆمپیۆ دوای دوو ڕۆژ هات لە هۆشداری جدی ئەمریکا بۆ ئێران کە بە توندی وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران بۆسەر سەر بەرژەوەندییەکانى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەداتەوە و واشنتۆن بڕیاری دا بە ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵین و چوار فڕۆکەى بۆمبهاوێژی بی 52 بە ستافی تەواوەوە بۆ ئاوەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ زانیاری زیاتر لەبارەى تێکهەڵچوونەکانى ئەمدواییەى ئەمریکا و ئێران، ڕاپۆرتی دەنگی دەهۆڵی شەڕی ئەمریکا و ئێران دێت، ئاماژە و وردەکاری تەواو [تایبەت] بخوێنەوە.