گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری تەواو لەسەر ڤیدیۆکە

ڤیدیۆى دایک و منداڵێک لەکاتى خوێندنى ئۆنلانیدا مشتومڕ دەنێتەوە

2020.10.28 - 15:23
ڤیدیۆى دایک و منداڵێک لەکاتى خوێندنى ئۆنلانیدا مشتومڕ دەنێتەوە

ناس کورد-

گرتەیەکى ڤیدیۆی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێناوە، کە تێیدا ژنە کارمەندێکى تەندروستى دەردەکەوێت لەکاتى قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەیدا بە ئینتەرنێت و هەوڵ دەدات تێی بگەیەنێت کە چۆن بە ئەلیکترۆنى وانەکانى بخوێنێت.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە عادل حەسەن یەکێک لە مامۆستا ناڕازییە دیارەکان لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسوک بڵاویکردووەتەوە و ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردووە  (28ی تشرینی یەکەمی 2020)، ژنە کارمەندێکى تەندروستى دەردەکەوێت کە بە جلوبەرگى کارکردنەوە لەگەڵ منداڵەکەى قسە دەکات.

 

وەک لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت منداڵەکە کە بە ئۆنلاین وانە دەخوێنێت کۆمپیوتەرەکەى لێ کوژاوەتەوە، بۆیە پەیوەندى بە دایکییەوە کردووە تا یارمەتى بدات هەڵیبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانى دایکەکە لەگەڵیدا بێسود دەبێت.

 

بەپێی وتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار بۆ ناس کورد، ئەو ژنە کارمەندى یەکێک لە نەخۆشخانەکانى تایبەت بە کۆرۆنایە لە سلێمانى و منداڵەکەشى خوێندکارى یەکێک لە قوتابخانە ئەهلییەکانە، کە بەشێوەى ئەلیکترۆنى وانە دەخوێنن.

لەوەڵامى بەشێک لەو کەسانەدا کە پرسیاریان لەبارەى گرتە ڤیدیۆکە کردووە، عادل حەسەن نوسیویەتى "ئەوە هاوڕێیەکی تەسویری کردووە بێ ئاگاداری خۆی و دواتر رازى بووە کە بڵاوبکرێتەوە".

 

ئەوانەى سەیرى ڤیدیۆکەیان کردووە کاردانەوەى جیاجیان هەبووە، یەکێک نوسیویەتى "لەهەموو دنیا خوێندنی ئۆن لاین و ئەلیکترۆنی کێشەی هەیە، بەڵام ناچارییە"، کەسێکى تریش دەڵێت "من لەوە خراپترم بەسەرهات بەدەست برایەکمەوە".

 

بەپێی بڕیارى وەزارەتى پەروەردە، بۆ ئەمساڵ بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە جگە لە قۆناغەکانى یەک و دووى بنەڕەتى، 12ى ئامادەیی، پشت بە خوێندنى ئەلیکترۆنى دەبەسترێت.

 

بەهۆى بایکۆتى مامۆستایانەوە دەوامى ئەو قۆناغانە هێشتا لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانى گەرمیان و راپەڕین دەستیپێنەکردووە، هەروەها بەوتەى بەرپرسانى تەندروستى ئەگەر هەیە دەرگاى ناوەندەکان بەتەواوى لە مانگى داهاتووەوە دابخرێن.

 

وەزارەتى پەروەردە چەندینجار جەختیکردووەتەوە کە بژاردەى خوێندنى ئەلیکترۆنى "ناچارى بووە" بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە و هیچ براژدەیەکى دیکە نەبووە بۆ رزگارکردنى خوێندن.