گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس داوایەکى تەندروستى لەبارەى مردووانى کۆرۆناوە لە پارێزگاکان ئاشکرادەکات

2020.10.28 - 13:50
ناس داوایەکى تەندروستى لەبارەى مردووانى کۆرۆناوە لە پارێزگاکان ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات مردووانى کۆرۆنا بەپێی رێوشوێنە تەندروستییەکان بەخاک بسپێردرێن.

 

ماوەى چەند مانگێکە لیژنە تایبەتەکانى پارێزگاکان بۆ ناشتنى مردووانى کۆرۆنا لە گۆڕستانە تایبەتەکان هەڵوەشێنراوەتەوە و تەرمەکان دەدرێنەوە کەسوکاریان بۆ ناشتنیان.

 

ئاسۆ حەوێزى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم بە ناس کوردى راگەیاند، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەسەڵاتیان پێدراوە خۆیان بڕیار بدەن لەبارەى رێوشوێنەکانەوە، بەڵام وەزارەت داوایان لێدەکات هەنگاوەکانیان بەپێی رێوشوێنە تەندروستییەکان بێت.

 

وتیشى "داوامان لێیانکردووە بەپێی رێوشوێنە تەندروستییەکان مردووانى کۆرۆنا بنێژرێت، بەڵام ئەوە کە نەکراوە پەیوەندى بە ئیدارە و پارێزگاکانەوە هەیە، پێویستە ئەوە نەبێتە عادەت کە مردووانى کۆرۆنا بەم شێوەیەى ئێستا بەخاک بسپێردرێن".

 

لەبارەى هەڵدانەوەى گۆڕى مردووانى کۆرۆنا و گواستنەوەیان بۆ گۆڕستانەکانى دیکە، ئاسۆ حەوێزى باسى لەوەکرد، تەرمى تەنها چەند مردوویەکى کەم گوازراوەتەوە و زۆر فراوان نەبووە، هەرکارێک لەو بارەیەوە پێویستە بەپێی رێوشوێنە تەندروستییەکان بێت.

 

لەدواى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان لە مانگەکانى سەرەتاى ئەمساڵدا، وەزارەتى تەندروستى لیژنەیەکى هاوبەشى لەگەڵ شارەوانى و ئاسایش و ئەوقاف پێکهێنا بۆ ناشتنى ئەو کەسانەى بەو ڤایرۆسە گیانلەدەستدەدەن، لە سلێمانی گۆڕستانی نوێی شارەکە بۆ ئەوە تەرخان کرا.  

  

لیژنەکە بە ڕێکارى خۆپارێزى و لەژێر ڕێوشوێنى ئەمنى توندا، ئەو کەسانەیان بە خاکدەسپارد و رێگەیان بە کەسوکارى نەدەدا لەکاتى پڕۆسەى ناشتندا بچنە شوێنەکە، بەڵام چەند مانگێکە لیژنەکە هەڵوەشێنراوەتەوە.  

  

سەرچاوەیەکى بەرپرس لە تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند (26ى ئابی 2020) "هەڵوەشاندنەوەى لیژنەکە لەسەر بڕیارێکى وەزارەتى تەندروستى عێراق بووە، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم لیژنە پەیوەندیدارەکان هەڵوەشێنراونەتەوە".  

  

سەرچاوەکە وتیشى، "کەسوکارى مردووان ئازادن لەکوێ تەرمەکانیان بەخاک دەسپێرن، بەڵام پێیان دەوترێت کە پێویستە بەپێی رێکارى تەندروستى و خۆپارێزى بێت، قەرەباڵغى نەکەن و پرسەشیان بۆ دانەنێن".  

  

لەدواى هەڵوەشاندنەوەى لیژنەکەوە، تەرمى ئەو کەسانەى بە کۆرۆنا دەمرن رادەستى کەسوکاریان دەکرێنەوە و رێنمایی دەکرێن کە چۆن بەخاکیان بسپێرن. بەشێک لە کەسوکارى ئەوانەى پێشتر مردوون و لە گۆڕستانەکانى تایبەت بە کۆرۆنا نێژراون داواى هەڵدانەوە و گواستنەوەى تەرمى کەسوکاریان دەکەن.  

  

سەرچاوەکە وتى، "وەرگرتنى ڕەزامەندى لەو بارەیەوە پێویستى بە رەزامەندى تەندروستى، ئاسایش و شارەوانى هەیە، دەمانەوێت کۆبوونەوەیەک بکەین و بڕیارێک بدەین لەو بارەیەوە، بەڵام هێشتا وادەکەى دیارینەکراوە".  

  

لە گۆڕستانەکانى تایبەت بە ناشتنى مردووانى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان بەسەدان مردوو بە خاک سپێردراون، لە ئێستاشدا کەسوکارى بەشێک لەو مردووانە دەستیانکردووە بە رێوشوێنە یاساییەکان بۆ هەڵدانەوەى گۆڕەکان.  

  

سەردەشت ڕەفیق، وتەبێژى شارەوانى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "تائێستا لە سلێمانى تەرمى دوو کەس هەڵدراوەتەوە، کە یەکێکیان عەتا چاوشینى هونەرمەند بووە، ئەوەش لەسەر داواى فەرمى کەسوکارى کە پێشکەشى لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و رەزامەندى لەسەر دراوە".  

  

عەتا چاوشین لە 22ى حەزەیرانى ئەمساڵد دواى توشبوونى بە کۆرۆنا گیانى لەدەستدا و لە گۆرستانى نوێی سلێمانى کە تایبەتە بە ناشتنى توشبووانى کۆرۆنا بەخاکسپێردرا، لەئێستاشدا تەرمەکەى براوەتەوە قەرەداغ.