گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پاش ناڕەزایی 25 پەرلەمانتار، پشتیوانییەك لە پەرلەمانەوە بۆ فەرەنسا راگەیەنرا

2020.10.28 - 13:24
پاش ناڕەزایی 25 پەرلەمانتار، پشتیوانییەك لە پەرلەمانەوە بۆ فەرەنسا راگەیەنرا

ناس کورد-

 

جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، پشتیوانى فەڕەنسا دەکەن و لێدوانى هەر پەرلەمانتارێک لەبارەى ئەو وڵاتە گوزارشت لە پەرلەمان ناکات.

 

 

هێمن هەورامى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا لەدواى سەردانیکردنى کونسوڵخانەى فەرەنسا لە هەولێر رایگەیاند (28ى تشرینى یەکەمى 2020) "فەرەنسا تاکە پشتیوانى راستەقینەى هەرێمى کوردستانە، هەر هەڵوێستێک لەهەر پەرلەمانتارێکەوە بەرانبەر بەو وڵاتە گوزارشت لە پەرلەمان و هەرێمى کوردستان ناکات".

 

وتیشى "هەڵوێستى فەرمى ئێمە ئەوەیە کە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنى فەڕەنسا و هەڵوێستەکانى، ئیدانەى هەر جۆرە لێدوان و دەربڕینێک دەکەین کە پێکەوەژیانى ئاینەکان نادیدە بگرێت".

 

ئەوە لەکاتێکدایە 25 ئەندامى پەرلەمانى کوردستان (2020/10/26) یاداشتێکى نیگەرانییان ئاڕاستەى کونسوڵى فەرەنسا لە هەرێم کرد لەبارەى لێدوانەکانى ئەم دواییەى سەرۆکى ئەو وڵاتە لەسەر ئیسلام کە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە.  

  

ماوەیەكە پەیوەندی جیهانی ئیسلامی و كۆماری فەرەنسا گرژی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، لەدوای سەربڕینی مامۆستایەكی فەرەنسی كە كاریكاتێری لەسەر پێغەمبەری ئیسلام كردبوو قەیرانەكە قووڵتر بووەتەوە.    

  

لەدوا پێشهاتی ئەو ئاڵۆزییەشدا ماكرۆن هەڵمەتێكی گەورەی بەرپاكردووە بۆ دژایەتی دیاردەیەك كە ناوی ناوە "تیرۆری ئیسلامی" لەم میانەیەشدا رێگەی داوە بە نمایشكردنەوەی كاریكاتێرەكان كە موسوڵمانەكان بە سوكایەتی و بێڕێزی دژ بە پێغەمبەری لەقەڵەم دەدەن.