گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەوڵەمەند و بازرگانەکان هۆکارێکن

بۆچی هێشتا نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەرز و ناسەقامگیرە؟

2020.10.28 - 13:04
بۆچی هێشتا نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەرز و ناسەقامگیرە؟

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق سێ هۆکار دیاری دەکات بۆ بەردەوامى هەڵکشان و داکشانى نرخى دۆلار بەرانبەر دینار سەرباری ڕونکردنەوەی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەى جێگری نرخەکەى.

 

ئەحمەدى حاجى ڕەشید، ئەندامی لیژنەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند (28ی تشرینی یەکەمی 2020)، هۆکارەکانى ناجێگیرى نرخەکە پەیوەندى هەیە بەو دڵەڕاوکێیەى لەبازاڕدا هەیە کە دواى هەڵکشان و داکشانى نرخەکان دروستبووە.

 

وتیشى، "هۆکارى دووەمى پەیوەندى بە بوونى هەندێ زانیارییەوە هەیە کە نرخى دۆلار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت".

 

ئەحمەدى حاجى رەشید باسى لەوەشکرد، هۆکارى سێیەم پەیوەندى بە دەوڵەمەند و بازرگانەکانەوە هەیە کە بە برێکى گەورە دەستدەکەن بە کڕینى دۆلار و دواتر دەیخەنەوە بازاڕ.

 

لەدوو هەفتەى ڕابردووودا نرخى دۆلار بەرانبەر دینار بەڕێژەیەکى بەرچاو بەرزبووەوە و نرخى 100 دۆلار گەیشتە 127 هەزار دینار، بەڵام دواتر دابەزیەوە بۆ 125هەزار دینار.

 

نزیکەى 10 ڕۆژ لەمەوپێش بانکی ناوەندیی عێراقی ڕایگەیاند، ئەو لێدوانانەى بەم دواییە دراون لەبارەى دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تەنها ڕا و بۆچوونی ئەو کەسانەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵوێستی فەرمی بانکەکەوە نییە و جەخت دەکاتەوە کە نرخی دینار بەرانبەر دۆلار نەگۆڕاوە و جێگیرە.  

  

بانکی ناوەندیی عێراقی لە ڕاگەیەنراوێکدا (18ی تشرینی یەکەمی 2020) دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ڕەتکردەوە و دەڵێت، نرخی دینار جێگیرە و سیاسەتە نەختینەکانی نەگۆڕاوە و زۆر ڕوون و شەفافە.  

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی ئەوەندە چاکە کە بەپێی هەموو ئاماژە نێودەوڵەتییەکان ئەم قەیرانەى ئێستا تێدەپەڕێنێت کە وڵاتی تێکەوتووە."  

  

بانکەکە هیوای خواستووە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیان بەدور بگرن لە سەرچاوەی تایبەت و دەنگۆکان و تەنها پشت بە ڕاگەیەنراو و لێدوانی فەرمی بانکەکە ببەستن.