گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

داوا دەكەن دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەم بكرێتەوە

نەوەی نوێ‌: دەنگ بە پڕۆژە هاوبەشەكەی پارتی و گۆڕان نادەین

2019.05.08 - 10:38
نەوەی نوێ‌: دەنگ بە پڕۆژە هاوبەشەكەی پارتی و گۆڕان نادەین
ناس كورد- فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە دانیشتنە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بەگوێرەی پڕۆژە هاوبەشەكەی پارتی و گۆڕان "پەرلەمانی كوردستان متمانە بە سەرۆكی هەرێم دەدات كەچی ناتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بكات". . دیاری ئەنوەر ئەندامی پەرلەمانی كوردسستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ تایبەت بە ناس كورد-ی وت "پڕۆژەمان هەبوو بۆ هەمواركردنەوەی یاسای دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كرد بەڵام بەنایاسایی پڕۆژەكەی ئێمە نەخرایە بەرنامەی كارەوە و پڕۆژەكەی پارتی و گۆڕان خرایە بەرنامەی كارەوە". . ئەو ئاماژەی بەوە كرد، كە لە دانیشتنی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاساكەدا سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان لەبارەی پڕۆژە یاساكەوە خستۆتەڕوو و رایانگەیاندووە كە لەگەڵ ئەو جۆرە دەسەڵاتە نیین بۆ سەرۆكی هەرێم و جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم تەشریفاتی بێت و كەمبكرێتەوە و مادام لەپەرلەمانەوە متمانەی پێ‌ دەدرێت دەبێت پەرلەمانیش توانای لێپرسینەوە و وەرگرتنەوەی متمانەی هەبێت. . بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ‌ بەشێك لەو پێشنیارانەی ئەوانیش لەدانیشتنە چاوەڕوانكراوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان دەخرێتە دەنگدانەوە بەڵام ئەوەیان لەلای خۆیان بڕاندۆتەوە كە لەگەڵ ئەوە نیین سەرۆكی هەرێم بەو دەسەڵاتە زۆرەوە دەستبەكاربێت. . ئاماژەی بەوەش كرد، بەگوێرەی پڕۆژەكەی پارتی و گۆڕان سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتێكی زۆری دراوەتێ‌ و پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت هیچ لێپرسینەوەیەكی لەگەڵدا بكات. . وتیشی "ناكرێت سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتێكی زۆری هەبێت و لە پەڕلەمانی كوردستان متمانە وەربگرێت، كەچی ئەو پەرلەمانە توانای لێپرسینەوەی سەرۆكی هەرێمی نەبێت". . جەختیشی كردەوە، هەرگیز فراكسیۆنەكەیان دەنگ نادات بەو پڕۆژە هاوبەشەی پارتی و گۆڕان كە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەیان كردووە. . لەپڕۆژە هاوبەشەكەی پارتی و گۆڕان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم تەنها دەتوانرێت لە سێ حاڵەتدا متمانە لە سەرۆكی هەرێم بسەندرێتەوە، ئەوانیش لە حاڵەتێكدا ئەگەر خۆی بیەوێت، یاخود نەتوانێ ئەركەكانی ڕاپەڕێنێت، یاخود بەدەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی پەڕلەمان متمانەی لێوەربگیرێتەوە. .