گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بارزانی چی وتووە؟

عەبادی هێرشی کردە سەر بارزانی: بەهۆی ڕیفراندۆمەوە هەوڵی کەنارگیرکردنی دەدات

2020.10.28 - 11:47
عەبادی هێرشی کردە سەر بارزانی: بەهۆی ڕیفراندۆمەوە هەوڵی کەنارگیرکردنی دەدات

ناس کورد-

هاوپەیمانێتیەکەى حەیدەر عەبادى لە پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو وتانەى بارزانى لەسەر  گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە سەروبەندی ڕووداوەکانی شانزەى ئۆکتۆبەر لەبارەى هێڵى تەماسەوە کردوونى "دورن لە ڕاستییەوە و ئاوەژووکردنەوە مێژووە".

 

هاوپەیمانى نەسر لە پەرلەمانى عێراق کە حەیدەر عەبادى سەرۆکایەتی دەکات لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی ناس کورد کەوتووە (28ى تشرینى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە، "سەرجەم وتەکانى مەسعود بارزانى تایبەت بە شاندى حکومەتی فیدڕاڵی لەبارەى وتوێژەکانى دیاریکردنى هێڵى تەماس لەنێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە لە ساڵى 2017 ئەنجامدراون ڕەت دەکەینەوە".

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، سەرجەم وتەکانى بارزانى کە گوایە کەسانى ناعێراقى لە شاندى وتوێژەکانى نێوان هەرێم و فیدراڵدا بووە دورن لەڕاستیەوە و "ئەوەش ئاوەژووکردنى ڕاستیە مێژوویەکان و ناشیرینکردنى سەروەرییەکانى حکومەتى عێراق و تێکەڵکردنى کارتەکانە لەلایەن بارزانیەوە."

 

هاوپەیمانى نەسر جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە، بەڵگەکان لەبەردەستدان ئەوە دەسەلمێنن کە شاندى حکومەتى فیدراڵ ئەو کاتە پێکهاتبوو لە (فەریق ڕووکن عوسمان غانمى، سوپا سالار، فەریق ڕوکن سەعد عەلاق، سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى سەربازى، فەریق ڕووکن مەناف تەمیمى فەرماندەى دەزگاى دژە تیرۆر) و هەموو ئەوانەش لەئێستادا زیندوون و پێگەیان لە دەوڵەتتدا هەیە و دەتوانرێت لەسەر ئەو ڕوداوە زانیارییان لێوەربگیردرێت.

 

هاوپەیمانى نەسر باسى لەوەش کردووە، "هۆکارى دژایەتیکردنى حەیدەر عەبادى و کارکردن بۆ دوورخستنەوەى لە پیشتر و ئێستاشدا بۆ دڵسۆزییە نیشتیمانیەکەى هەر لە سەرکەوتنەکانى بەسەر تیرۆریستان و دەربازکردنى وڵات لە ناجێگیرى ئابورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنیى دەگەڕێتەوە."

 

کاردانەوەکەى هاوپەیمانى نەسرى سەر بە حەیدەر عەبادى لەکاتێکدایە ئەمساڵ لەیادى تێپەڕینى سێ ساڵ بەسەر  ڕیفراندۆمەکەى هەرێمى کوردستان و ڕوداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەردا، مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کتێبێکى بەناونیشانى (بۆ مێژوو) لەسەر وردەکارییەکانى ئەو ڕوداوانە بڵاو کردەوە.