گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دیسانی بەزمی دوو باڵی ناو یەکێتی

نوسەرێکی ڕۆژئاوا: پەکەکە دەبێته کێشەیەکی گەورە بۆ یەکێتی

2020.10.28 - 11:29
نوسەرێکی ڕۆژئاوا: پەکەکە دەبێته کێشەیەکی گەورە بۆ یەکێتی

ناس کورد-

نوسەرێکى دیارى ڕۆژئاوى کوردستان دەڵێـت، بوون و چالاکییەکانى پەکەکە لە هەرێمى کوردستان ململانێ دەخاتەوە ناو باڵەکانى یەکێتیەوە، باڵێک لەگەڵ پشتیوانى پەکەکەن و باڵێکیش لەگەڵ تورکیادان بۆ بەرژەوەندى بازرگانى و پەیوەندی دیبلۆماسی

 

هۆشەنگ ئەوسی، نوسەرى دیاری ڕۆژئاوا کە ئێستا لە دەرەوەى وڵات دەژی لە میانەى وتارێکییدا بەناونیشانى (هێرۆخان و جەمیل بایک) لە هەژماری خۆی "فەیسبوک" کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە (28ى تشرینى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە: "بوون و چالاکیەکانى پەکەکە لە عێراق ناکۆکى لەنێو باڵەکانى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا دروست دەکاتەوە کە بەمدواییانە ڕێککەوتوون، ڕەنگە ئەو ناکۆکیانەش بەرەو ململانێ پەرە بسەنێتەوە."

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، باڵێکى یەکێتى بەرگرى لە بوونى پەکەکە دەکات لە کوردستان، ئەوەش وەکو کارتێکى فشار بۆ ئەوەى بەردەوام لە دژى پارتى بەکارى بهێنێت و باڵێکى تریشى ئەو حزبە دەیەوێت بەڕووى تورکیا پەیوەندییەکانى حزبەکەى بکرێتەوە بۆ ئەوەى سود لە مامەڵە بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا وەربگرێت.

 

ئەوسیى دەشڵێت، جەلال تاڵەبانى پەیوەندییەکى مێژووى لەگەڵ تورکیادا هەبوو، چونکە لە بەرژەوەندى نەبوو دوژمنایەتى لەگەڵ تورکیادا دروست بکات بەهۆى ئەوەى ئەو دوژمنایەتیە حزبەکانى بارزانى سودى لێدەبینێت و ئەو بۆشاییانە بۆ بەرژەوەندییە بارزگانى و سیاسیەکانى دەقۆزێتەوە.

 

بە وتەى ئەو نوسەرە، بەمدواییانە یەکێتى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەنقەرەدا ئاسایى کردووەتەوە و بەرهەمەکەشى ئەوە بووە پاڤڵ تاڵەبانى چەند مامەڵەیەکی  بازرگانى لەگەڵ تورکیادا ئەنجامداوە. 

 

ئەوسیى ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ڕێکەوتنى شنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا کە پەکەکەى پەستکردووە یەکێتى پشتیوانى کردووە.



لە کۆتایى وتارەکەیدا ئەوسی ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەهۆى ئەوەى ئێستا هێرۆخان بارى تەندروستى جێگیر نییە ڕەنگە دۆخى باڵەکانى یەکێتى بەرەو ململانێیە خراپتر هەنگاو بنێت.