ناس کورد-
راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى هەڵبژاردن رایگەیاند، 230 حزب لە عێراق تۆمارکراون و حکومەت سورە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە شەشى حوزەیرانى داهاتوودا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەبدولحسێن هنداوى بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاندووە "هەوڵەکانى حکومەت بەردەوامە بۆ ئەوەى کۆمسیۆن بتوانێت ئامادەکارییەکانى تەواو بکات بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى شەفاف و پاک بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان".
وتیشى "کۆمسیۆن سەرقاڵى تۆمارکردنى دەنگدەران و دابەشکردنى کارتى دەنگدەران و حزبە سیاسییەکانە کە ژمارەیان ئێستا گەیشتووەتە 230 کە حزبى نوێیان تێدایە".
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان (29 تشرینى دووەمى 2019) لە ڕاگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ژمارەى دەنگدەرانى تۆمارکراو لە سیستمى بایۆمەتری گەیشتووەتە 15 ملیۆن و 205 هەزار و 648 کەس، لە کۆى گشتیی دەنگدەران کە ژمارەیان 26 ملیۆن و 642 هەزار و85 دەنگدەرە.
باسى لەوەشکردووە، ژمارەى کارتى بایۆمەترى درێژمەودا کە چاپکراوە گەیشتووەتە 14 ملیۆن و 446 هەزار و 914 کارت، نزیکەى 11 ملیۆنیشی دابەشکراوە.