گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەوت پەرلەمانتاری کورد بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: پێشهاتێکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان هەیە

2020.10.27 - 21:11
حەوت پەرلەمانتاری کورد بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان: پێشهاتێکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان هەیە

ناس کورد-

لەدوای بڵاوکردنەوەی هەندێک ڕاگەیەندراوی جیاواز لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە، حەوت پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق نوسراوێک ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد ڕایانگەیاند، ئەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و پێویستە ڕێگری لێبکرێت.

 

حەوت پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق دەربارەی بڵاوکردنەوەی هەندێک ڕاگەیەندراوی جیاواز لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە ڕاگەیەندراوێکیان ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکراوە: " ئێمە وەک ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نوێنەرایەتی پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین دەمانەوێت لە پێشهاتێکی ترسناک لە هەرێمی کوردستان ئاگادارتان بکەینەوە، ئەویش بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی هەرێمی کوردستانە لە ململانێی حزبی و شەخسی، بەمەبەستی سەرکوتکردنی نارەزایەتیەکان و دەنگە رەخنەگرەکان و تۆمەتبارکردنی لایەنێکی عێراقی بە هەوڵی تیرۆرستی."

 

ڕوونیشیانکردووەتەوە: "دوێنێ لەژێر فشاری ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی ئاسایش بەیاننامەیەک بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بڵاوکرایەوە کە گوایە دوو هەوڵی تیرۆستی و تێکدەرانە پوچەڵکراوەتەوە و دەستی تۆمەت بۆ چەند لایەنێکی جیاواز درێژکراوە، لەوانە ژمارەیەک چالاکوان و کەسانی رەخنەگر کە لە ئێستادا لە دەرەوەی وڵات دەژین، هەروەها بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بێ هیچ خستنەروی بەڵگەیەک باس لە تێوەگلانی لایەنی عێراقی دەکات لە هەوڵێکی تیرۆرستی لە هەولێر و دهۆک، ئەمەش بووەتە هۆی بلاوکرنەوە ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو هاوڵاتیان."

 

ئەو پەرلەمانتارە کوردانە ئەوەشیان خستووەتەڕوو: "دەمانەوێت سەرنجتان بۆ ئەوەش رابکێشین کە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ساڵی (۲٠۱۱) بە یاسای ژمارە (٤) ی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە و پێنج ئەندامی هەیە کە یەکێکیان راوێژکارە و سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دەکات و سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ماوەی ساڵێک زیاترە ئەم ئەنجومەنە بێ راوێژکارە ئەویش بەهۆی ملاملانێی نێوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نێوان سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی."

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "دوای بەدوای بەیانەکەی دوێنێ،  سێ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە بریتین لە بەرپرسانی دەزگای زانیاری، بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم و بەرپرسی هەواڵگری پێشمەرگە بەناوی ئەنجومەنی ئاسایش بەیانێکی تر دەر دەکەن و ئاماژەوە بەوە کراوەکە بەیانەمەکەی دوێنێ ۲٦ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲٠ بێ ئاگاداری ئەوان دەرکراوە و بەهێچ شێوەیەک ئەوان ئاگادار نین و بونی هەوڵی تیرۆرستیش لە کوردستان رەتدەکەنەوە."

 

جەختیشیانکردووەتەوە: "بۆیە ئێمە لە سۆنگەی هەستکردنمان بە بەرپرسیاری بەرامبەر هاوڵاتیانمان لە هەرێمی کوردستان و بۆ رێگریکردن لە نانەوەی ئاژاوە و توندوتیژی بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای حزبی، داواتان لێدەکەین ڕێگربن لەبەکارهێنانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کوردستان لەلایەن حزبەکانەوە بۆ مەبەستی ململانێی ناوخۆیی و سەرکوتکردنی دەنگە نارازییەکان، هەروەها داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دەکەین بۆ دەرخستنی راستییەکان."

 

واژووی پەرلەمانتارەکان:

۱.یوسف محمد صادق

۲.غالب محمد عەلی

۳.یوسرا رەجەب کمر

٤.هۆشیار عەبدوڵا

٥.ئەحمەد حاجی رەشید

٦.رێبوار کەریم مەحمود

۷.سەرکەوت شەمسەدین