گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی و پارتی ڕێککەوتوون

زانیاری نوێ لەسەر یەکلایی کردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک

2020.10.27 - 20:13
زانیاری نوێ لەسەر یەکلایی کردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک

ناس کورد-هەڤاڵ فەتاح 

پەرلەمانی عێراق لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی بازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک و نەینەوا لە کۆبوونەوەدایە و پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، لەئێستادا بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان زۆر نزیکە لە یەکتر و پێدەچێت پرسەکە لە دانیشتی ئەمشەوی پەرلەماندا تێپەڕێندرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی و یەکێتی ڕێککەوتوون لەوبارەیەوە و هیچ کێشەیەکیان نییە.

 

هەدار بارزانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی تایبەتدا( 27ی تشرینی یەکەمی 2020) بەناس کوردی ڕاگەیاند: "لەئێستادا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەربازنەکانی هەڵبژاردن لە کەرکوک و پرسی بایۆمەتری دەستی پێ کردووە و بەردەوامە، پێشبینی دەکرێت ئەو پرسە ئەمڕۆ یەکلایی بکرێتەوە، ئەگەرنا ئەوا دوا مۆڵەت بۆدەنگدانی پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە سبەی چوارشەمە دەبێت".

 

وتیشی: "بۆچوونەکانی کورد، تورکمان وعەرەب لەوبارەیەوە زۆر نزیکەن لەیەکتر و یەکێتی و پارتیش هیچ کێشەیەکیان نییە و هەردووکیان هاوڕان و لەسەر پرسەکە ڕێککەوتوون".

 

بەوتەی هەدار بارزانی: "بازنەکانی کەرکوک یەکلایی کراوەتەوە کە دەبێت سێ بازنەی هەڵبژاردن بێت، ئەوەی لەئێستادا گفتۆگۆی لەسەر دەکرێت میکانزمی دابەشکردنی بازنەکان، کۆتای ژنان، شوێنی بازنەکان و ئایا هەربازنەیەک دەبێت چەند کورسی بگرێتە خۆی".

 

وتەکانی هەدار بارزانی لەکاتێکدایە کەپێشتر مەریوان نادر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بەناس کوردی ڕایگەیاندبوو: "بەهۆی ئەوەی پارێزگای کەرکوک و نەینەوا پێکهاتەیەکی فرەنەتەوەی تێدایە، لە ئێستادا گرفت بۆ یەکلایی کردنەوەی میکانزمی بازنەکان لە دوو پارێزگایە درووست بووە". 

 

ئاماژیە بەوەشكردبوو: " گرفتەکە قەتیس بووە لە چۆنێتی دیاریکردنی شوێنی ئەو بازانانە و ژمارەی ئەوکورسیانەی کە دەبێت هەر بازنەیەک بیگرێتە خۆی، کورد، تورکمان وعەرەب هەریەکە دیدێکی جیاوازی هەیە لەوبارەیەوە، هەرپێکهاتەیەک دەیەوێت بەکەمترین زیان ئەوهاوکێشەیە بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە".