ناس کورد-
لەدوای توشبوونی هەزاران مامۆستا و خوێندکار لە قوتابخانەکانی هەرێم، ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕایگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆر دەوامی قوتابخانەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و پێدەچێت دوام ڕابگیرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەوتەی بریكاری وهزارهتی پهروهردهی حكومهتی ههرێم، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تا ئێستا چوار هەزار و 391 مامۆستا و قوتابی لە ھەولێر و سلێمانی توشی کۆرۆنا بوون و سێ مامۆستاش مردوون، لە دهۆکیش ئەگەرچی ئامارێکی ورد لە بەردەست نییە، بەڵام ژمارەکە کەم نییە، هەر بەو بۆنەیەوە بڕیارە 1ی 11 لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بۆ بڕیاردان لەبارەی چارەنوسی خوێندن کۆببێتەوە.
مامۆستا عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە ناس کوردی وت: "ئەوەندەی ئاگاداربم بە ئەگەرێکی زۆر لەدوای کۆبوونەوەی لیژنەکە گۆڕانکاری بەسەر دەوامی قوتابخانەکان لە هەموو کردستاندا دێت."
وتیشی، ڕەنگە بریار بدرێت کە دەوامی قوتابخانەکان بۆ ماوەی مانگێک ڕابگیرێت و دواتر بڕیاری نوێ لەوبارەیەوە بدرێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی مامۆستایان، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی باسی لەوەکرد، ئەوان لەگەڵ هەڵوێستەکانی لقی سلێمانیی یەکێتی مامۆستایانن تا ئەوکاتەی کە لە بەرژەوەندی مامۆستان بێت و بەردەوامیش دەبن لە بایکۆت.
ئەو مامۆستا ناڕازییە باسی لەوەشكرد، ئاگادارە سەرجەم خوێندکارانی پۆلی 12ی قوتابخانەیەک لە هاوڕێیەکیانەوە توشی کۆرۆنا بوون.