گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ: حکومەت گۆڵێکی باشی لە پەرلەمانتاران کرد

2020.10.27 - 17:19
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ: حکومەت گۆڵێکی باشی لە پەرلەمانتاران کرد

ناس کورد-

سەبارەت بە بابەتى پرساندنى سەرۆكى حكومەتى هەرێم و جێگرەكەى و وەزيرى دارايى، پەرلەمانتارێكى كۆمەڵى ئيسلامى كوردستان دەڵێت، "حكومەت گۆڵێكى باشى لە پەرلەمانتاران كرد".

 

هەورامان گەچێنەیی، پەرلەمانتارى كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕونكردنەوەيەكدالە هەژماری خۆى لە فەيسبوك (سێشەممە 27 تشرينى يەكەمى 2020) بڵاويكردەوە، "پرساندنەکەی ئێمە بۆ سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی لەسەر ستەمی بڕینی موچە بوو، وەڵام و پاساوەکانی حکومەت بۆ ئێمە بڕواپێکەر نەبوون."



ئاماژەى بەوەشداوە، "بەڵام ئەوەبوو وەڵامەکانی حکومەت خرایە دەنگدانەوە و هەرسێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت زۆرینەی هەرە زۆری پەرلەمانتارەکانیان دەنگیان پێی دا، واتە دەنگیان دا بەوەی لێبڕینی موچە کارێکی یاسایی بووە."



ئەو پەرلەمانتارەى كۆمەڵ هێماى بۆ ئەوەشكردوە، "کەواتە حکومەت گۆڵێکی باشی لەو پەرلەمانتارانە کرد و لێبڕینی موچەی بە یاسایی کرد."


پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 81 پەرلەمانتاری پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کەمینەکان کۆتایی بە پرساندنی حکومەتی هەرێم هێنا و ڕاپۆرتی حکومەت و پاساوەکانی دواکەوتن و لێبڕینی موچەی پەسەند کرد.  

  

ئەمڕۆ (سێشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2020) پەرلەمانی کوردستان لەسەر پرسی پرساندنی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و تیایدا ڕاپۆرتی حکومەت دەربارەی دۆخی دارایی و هۆکارەکانی دواکەوتن و لێبڕینی موچە خرایەڕوو.  

  

لە دانیشتنەکەدا بە دەنگی 81 پەرلەمانتار ڕاپۆرتەکەی حکومەتی هەرێم قبوڵکرا و کۆتایی بە پرساندنی حکومەت هێنرا.  

  

ئەگەرچی یاداشتی 23 پەرلەمانتارەکەی هەرێم بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەت وجێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی بوو، بەڵام ئەوان لەجێی خۆیان ڕاپۆرتێکیان ناردە پەرلەمان، بەو بۆنەیەشەوە بەشێک لە پەرلەمانتاران لەنێویاندا فراکسیۆنی گۆڕان دانیشتنەکەیان بایکۆت کرد.