گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پۆلیسى گەڕەکەکان راسپێردرا سزاى نەبەستنى دەمامک جێبەجێ بکەن

2020.10.27 - 15:12
پۆلیسى گەڕەکەکان راسپێردرا سزاى نەبەستنى دەمامک جێبەجێ بکەن

ناس کورد-

پارێزگارى سلێمانى پێشبینیدەکات لە ئایندەیەکى نزیکدا بەرگرییەکى گشتى دژى کۆرۆنا دروستبێت، بەهۆى هەڵکشانى گەورەى ئامارى توشبووانەوە.

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانى راگەیاندن لەناویاندا ناس کورد رایگەیاند (27ی تشرینی یەکەمی 2020)، هەرچەندە بەرەو زستان دەڕۆن، بەڵام پێشبینى دەکەن لە ئایندەیەکى نزیکدا بەرەو بەرگرییەکى گشتى بڕۆن دژى کۆرۆنا، بەهۆى بەربڵاوى زۆرى ڤایرۆسەکەوە و ئەگەر قۆناغى خۆپارێزى بەردەوام بێت دەگەنە قۆناغێکى باش.



لەبارەى سزاى نەبەستنى دەمامکەوە لە شوێنە داخراوەکان، هەڤاڵ ئەبوبەکر وتى "داوامان لە یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگەکان کردووە رێگە نەدەن هیچ هاوڵاتییەک بەبێ بەستنى ماسک بچنە ژورەوە، ئەمە کەرتى تایبەتیش دەگرێتەوە".

 

وتیشى "جەختمانکردوەتەوە کە دوایین بڕیارى وەزارەتى ناوخۆ وەک خۆى جێبەجێبکرێت و لێپرسینەوە و بەدواداچون بکرێت، هەر کەسێک ماسک نەبەستێت سزا بدرێت، چونکە زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت، بنکەى پۆلیسى گەڕەکەکان راسپێردراوە چاودێرى قوتابخانە و شوێنە داخراوەکان بکەن".

 

لیژنەى باڵاى کۆرۆنا لە هەرێم لەدوایین کۆبوونەوەیدا بڕیاریدا هەر کەسێک دەمامک نەبەستێت بەبڕى 20 هەزار دینار سزا بدرێت.

 

بەگوێرەى نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە و ئاڕاستەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كراوە ئاماژە بەوە کراوە (25ی تشرینی یەكەمی 2020)، تایبەت بەپێبژاردنەكانی بەیانی ژمارە (52) سەبارەت بەو پێبژاردنانەی كە لەبەیانی ژمارە 52ی ساڵی 2020 ئاماژەی پێدراوە بەم شێوەیەی خوارەوە وەردەگیرێت.  

  

یەكەم: ئەو لایەنانەی كە لە بڕگەی شانزەیەم/ یەكەمی ئەم بەیانە ئاماژەیان پێدراوەن، پێبژاردنەكان بەپسووڵەی (38/ا) وەردەگرن، دووەم، وێنەی یەكەم لەپسووڵە دەدرێت بەكەسی سەرپێچیكار، سێیەم، ئەو بڕە پارانەی كە وەردەگیرێن لەژمێریاری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان وەگ ئەمانەت هەڵدەگیرێن.  

  

چوارەم، مانگانە لیستێك بەناوی ئەو كەسانەی كە كاری پێبژاردنەكان دەكەن رەوانەی وەزارەت دەكرێت بەمەبەستی خەرجكردنی هاندان بۆیان بەڕێژەی 50% لەداهاتی پێبژاردنەكان.  

  

پێنجەم، 50%ی داهاتی پێبژاردنەكان خەرج دەكرێت بۆ كڕینی پێداویستی خۆپاراستن بەپێی ئەو لیستانەی كە لەلایەن پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەنێردرێن بۆ وەزارەت.