گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەنگی دەهۆڵی شەڕی ئەمریکا و ئێران دێت، ئاماژە و وردەکاری تەواو [تایبەت]

2019.05.07 - 21:32
دەنگی دەهۆڵی شەڕی ئەمریکا و ئێران دێت، ئاماژە و وردەکاری تەواو [تایبەت]
ناس کورد- سۆران ڕەشید بەرە بەرە دەنگی دەهۆڵی شەڕی ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیسترێت، ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، واشنتۆن بەهۆى بوونی چەند زانیارییەکی هەواڵگریی هێزی زیاتری ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە بەوپێیەى ئێران پلانی هەیە بۆ بەئامانجگرتنى بەرژەوەندییەکانى واشنتۆن لە چەند وڵاتێکى ناوچەکە لەڕێگەى هێرشی جۆراوجۆری وەک بۆردومانکردن لەڕێگەى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان و تەقینەوە و تیرۆرکردن. ڕۆژنامەکە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکییەوە دەڵێت، بەپێی ئەو زانیارییانەى کە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا دەستیکەوتووە، ئێران پلانی هەیە لە گەروی هورمز (باشوری ڕۆژئاوای یەمەن) و لەڕێگەى هاوپەیمانەکانییەوە کە مەبەست لێی حوسییەکانە هێرشی ڕێکخراو ئەنجامبدات. . هەر بەپێی سەرچاوەى ڕۆژنامەکە، تاران پلانیان هەیە لەڕێگەى فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی خۆیەوە هێزە جێگیرکراوەکانى ئەمریکا لە وڵاتانى خەلیج و عێراق و سوریا بە ئامانج بگرێت. بەپێی لێکدانەوەکانی، ڕۆژنامە ئەمریکییەکە پێشبینی دەکات گروپە چەکدارییە عێراقییەکانى هاوپەیمانی ئێران هێزەکانى ئەمریکا بە ئامانج بگرن، هاوکات پێشبینیشی کردووە سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی ئاسمانی ڕاستەوخۆ بکاتە سەر کەشتی یان دامەزراوە دیبلۆماسییەکانى ئەمریکا و بە دوریشی نازانێت تاران پەنا بباتە بەر هەوڵی تیرۆرکردن و ئەنجامدانی تەقینەوە لە ئەوروپا. بەرپرسێکى تری ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەى وتووە، هێشتا ڕوون نییە کە ئەو پلانەى تارانی دایناوە بۆ هێرشکردنەسەر ئەمریکا لە حاڵەتی جێبەجێکردندایە یان تەنها ئامادەکاریی سەرەتاییە بۆ هەر پێکدادانێک لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا. .

هەڕەشەی جدی

جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە "زمانێکى زۆر ڕون و جدی" هۆشداری دایە ئێران لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا یان بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە ڕوبەڕووی ئەوە ڕوبەڕوی "وەڵامێکی توند" دەبێتەوە و جەختیکردەوە، وڵاتەکەى کۆمەڵێک کەشتی فڕۆکەهەڵگر و فرۆکەى بۆمبهاوێژ ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. لە نوێترین پێشهاتیشیدا، ئەمڕۆ سێشەممە (7ی ئایاری 2019) چەند بەرپرسێکى ئەمریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان وتووە، "ئەو بۆمبهاوێژانەى بەرپرسانى ئەمریکا ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن بریتین لە چوار فڕۆکەى بی 52ی بۆمبهاوێژ لە ستافی تایبەتەوە. هاوکات پاتریک شاناهان، وەزیرى بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت ڕایگەیاند، بڵاوکردنەوەى کەشتی فڕۆکەهەڵگر لە ناوچەکە ئاماژەیە بۆ بوونی چەند هەڕەشەیەکى جدی لەلایەن هێزەکانى ئێرانەوە. وتیشى، داوا لە ڕژێمی ئێران دەکەن خۆی بەدور بگرێت لە هەر جۆرە کارێکی ئیستیفزازی و بەرپرسیارێتى هەر جۆرە هێرشێکیش بۆسەر هێز و بەرژەوەندییەکانیان دەخەنە ئەستۆی ئەو وڵاتە. .

جەنگی دەرونی

لەلایەکی ترەوە، کەیوان خوسرەوی، وتەبێژی ئەنجومەنى ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لەبارەى قسەکانى جۆن بۆڵتن وتی، "ئەوە بەشێکە لە جەنگی دەرونی ئەمریکا" لە دژی وڵاتەکەى. .

هەڕەشەی داخستنى گەروی هورمز

پەیامەکەى ئەمریکا دوای ئاڵۆزییەکانى واشنتۆن و تاران هات لەبارەى هەڕەشەی ئێران بۆ داخستنى گەروی هورمز کە پێنج یەکی نەوتی هەناردەکراوی جیهانی لێوە تێپەڕدەبێت. هەڕەشەکەى ئێرانیش دوای بڕیارەکەى ئەمریکا هات بۆ هەڵوەشاندنەوەى بەخشینی وڵاتانى هاوردەکەری نەوتی ئێران لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بۆئەوەى ئاستى هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر. .

"بەرپرسیارێتی دەخەینە ئەستۆی ئێران"

هەر لەو بارەیەوە، مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ڕایگەیاند، ناردنی هێزی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی بە ئاڵۆزییەکانى کەرتی غەزەوە نییە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێکدادان لەنێوان هێزەکانى حەماس و جیهادی ئیسلامی و ئیسرائیل ڕوویدا، بەڵکو بابەتەکە پەیوەندی بە ئامادەکارییەکانی واشنتۆن هەیە لەدژی ئێران، بەڵام پۆمپیۆ باسی لە سروشتى ئامادەکارییەکان نەکرد. وتیشى، ئێران بەرپرسیاری ڕاستەوخۆیە لە هەر هێرشێکى خۆی یان گروپە چەکدارییەکانى هاوپەیمانەکانى وەک حزبوڵا لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

زیادکردنی فشار بۆسەر ئێران

ئەو ڕێکارانەى واشنتۆن بەشێکە لە زنجیرە ڕێکارەکانی ئیدارەى ترەمپ بۆ زیادکردنی فشارەکان بۆسەر ڕژێمی ئێران کە یەکێک لەوانە بە تیرۆرست ناساندنی سوپای پاسداران بوو، هەروەها ئەمریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى ئێران کشایەوە و سزای زیاتری بەسەر تاراندا سەپاند. .

تەرازوی هێز لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتانى خەلیجدایە

لەئێستادا ڕۆژانە نزیکەى 18 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەروی هورمزدا تێدەپەڕێت کە دەکاتە 18%ی تەواوی نەوتی هەناردەکراوی جیهان کە نزیکەى 99 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا. هەر هێرشێک بۆسەر ئەو گەروە، قەیرانێکى جیهانی دروستدەکات. ئیلیاس حەنا، شارەزای سەربازی و جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی سوپای لوبنان بە ڕۆژنامە ئیندیپێندنتی عەرەبی وتووە، "هەرکاتێک سزاکانی سەری قورستر دەبن، ئێران پەنا دەباتە بەر داخستنى گەروی هورمز کە ئەوەش زیان بە پڕۆژە هەرێمییەکەى دەگەیەنێت کە لە تارانەوە درێژدەبێتەوە بۆ عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن." لەبارەى ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمریکاش، ئیلیاس حەنا بەدوری زانی شەڕی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕووبدات، چونکە تەرازوی هێز لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتانى خەلیجیدایە بە تایبەت کە سعودیە و ئیمارات پێشکەوتووترین هێزی ئاسمانی و موشەکییان هەیە، ئەوە جگە لە بڵاوبوونەوەى سەربازانى ئەمریکا لە ناوچەکە. .

دەستێوەردانی ڕوسیا

ئیلیاس حەنا دەڵێت، ڕوبەڕوبوونەوەى ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و ڕوونیدەکاتەوە، "ئێران لە قۆناغی چنینەوەى دەستکەوتی سەرکەوتنەکانیەتى لە ناوچەکە، سەرباری ئەوەى ڕوسیا هاوپەیمانێکى باشی ئێرانە، بەڵام لە حاڵەتى ڕوبەڕوبوونەوەى ڕاستەوخۆی واشنتۆن و تاران، دەستێوەردانی ڕوسیا شتێکى مەحاڵە."