گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم وەڵامى ئەندامانى یەکێتى لە ئەنجومەنەکە دایەوە

2020.10.27 - 12:51
ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم وەڵامى ئەندامانى یەکێتى لە ئەنجومەنەکە دایەوە

ناس کورد-

ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان وەڵامى ڕونکردنەوەیەکى وتەبیژێک بەناوى ئەندامانى یەکێتى لە ئەنجومەنەکە دایەوە و رایگەیاند "ئەم هەوڵە نەزۆکانە لە کارەکانمان ساردمان ناکاتەوە".

 

لە رونکردنەوەکەى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان کە وێنەیەکى دەست ناس کورد کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە  (27ى تشرینى یەکەمى 2020)، تەنیا ئەو ڕاگەیاندراو و بابەتانەی لە سایتی فەرمی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان (https://www.krsc.gov.krd) بڵاودەکرێنەوە، گوزارشت لە ڕای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر شتێکی تر لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا بێت، دەڕبڕی ڕای فەرمی ئەنجومەنی ئاسایش نییە.

 

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، هەموو هەوڵێکیش بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتە فەرمییەکان، لە ژێر هەر فشارێکدا بێت ڕەت دەکەنەوە.

 

رونکردنەوەکە دواى ئەوە هات کە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان (26ى تشرینى یەکەمى 2020) راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرا بوو کە ژمارەیەک هێرشی تێکدەرانەی لە هەرێمی کوردستان پووچەڵکردووەتەوە و پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبار کرابوو بە پلان داڕشتن بۆ بەشێکیان.

 

لەبەرامبەردا درەنگانێکى شەوى رابردوو وتەبیژێک بە ناوى ئەنجومەنى ئاسایش لە پشکى یەکێتى رەتیکردەوە کە ئەندامانى یەکێتى لەو ئەنجومەنە ئاگادارى ئەو دۆسیە و روداوانە بن کە لە راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى ئاسایش ئاماژەى بۆ کرابوو.