گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گومان لەسەر پشکنینى کۆرۆنا دروستدەبێت

2020.10.27 - 09:17
گومان لەسەر پشکنینى کۆرۆنا دروستدەبێت

ناس کورد-

رۆژنامەیەکى ئەمریکى بڵاویکردەوە، ئەنجامى پشکنینەکانى کۆرۆنا هەندێکجار ورد نین و نێگەتیف دەردەچن تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەش کە پشکنینەکەى بۆ دەکرێت هەڵگرى ڤایرۆسەکە بێت.

 

رۆژنامەى نیۆیۆرک تایمزى ئەمریکى لە راپۆرتێکدا کە ناس کورد بەدواداچونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە (27ی تشرینی یەکەمی 2020)، کاتێک ئەو هەڵەیە روودەدات توشبووەکە خۆى کەرەنتین ناکات و چارەسەریش وەرناگرێت و ڤایرۆسەکە بۆ کەسانى دیکە دەگوازێتەوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، هەروەها هەندێکجار پشکنینەکان ئەنجامەکانیان پۆزەتیڤە، لەکاتێکدا ئەو کەسانە چاکبوونەتەوە، ئەوەش ناچاریان دەکات بخرێنە ژێر رێوشوێنى ناپێویستەوە.

 

شارەزایانى تەندروستى لە ئەمریکا دەڵێن، بەدەگمەن روودەدات کە بەهەڵە حاڵەتێکى پۆزەتیڤ دیاریبکرێت لەو وڵاتە. بەڵام ئەو هەڵەیە دەکرێت لەهەر پشکنینێکدا رووبدات بەتایبەتى بەهۆى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە بۆ ئامێرەکان یان خراپى بەکارهێنان یان کێشەى تەکنیکییەوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا رێنمایى توند ئاڕاستەى پشکنینە خێراکان کراون کە لەماڵەکاندا دەکرێن و لەکەمتر لەکاتژمێرێکدا ئەنجامەکانیان دەردەکەون، ئەوەش بە هۆکارى دیاریکردنى ژمارەیەکى گەورەى حاڵەتە پۆزەتیڤەکان دادەنرێن لە رێگەى هەڵەوە، بۆیە بەرپرسانى پزیشکى لە ویلایەتى نیفادا کارکردنیان بە پشکنینى خێرا راگرتووە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەڵەیە تەنها لەپشکنینى خێرادا نییە، بەڵکو درێژ بووەتەوە بۆ تاقیگەکانیش، ئەوەش وادەکات کەسانێک کە توشى ڤایرۆسەکە نەبوون بە هەڵە پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ بێت و کەرەنتینە بکرێن و نەتوانن کاربکەن.