ناس کورد-
سێ پەرلەمانتاری گۆڕان لە واژوویان لەسەر پرساندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردبوو ڕایانگەیاند، لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان شەرعیەت دەدرێت بە لێبڕینی موچە و دەشڵێن، بەوهۆیەوە بەشداری دانیشتەنەکە ناکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2020، هەرسێ پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمەساڵ، شیرین ئەمین و شایان عەسکەری ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە: "ھەرچەندە بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە حکومەت، بەڵام ئێمە پێمانوابوو بە واژوکردنی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی، ھەوڵێک دەدەین بۆ نەھێشتنی لێبڕینی موچەو دوانەخستنی زیاتری موچە."
دەشڵێن: "بەو بەڵگەو زانیارییانەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و باج کۆمانکردوەتەوە پرسی داواخستنی موچە چارە دەبوو، دەمانویست بیخەینە بەردەست سەرۆکایەتی حکومەت و بڵێین: بۆ ئەم چاکسازیانە نەکرا."
لەڕآگەیەندراوەکەی ئەو سێ پەرلەمانتارەدا ئەوەش هاتووە: "بەداخەوە، لە بری ئامادەبونی بەرپرسانی حکومەت، سێ ڕاپۆرت نوسراوە بۆ پەرلەمان و ڕاپۆرتەکان دەخوێندرێتەوەو دەخرێتە دەنگدانەوەو زۆرینەش بۆ ئەو وەڵامانە مسۆگەر کراوە، ئەم کارەش لەبری ڕاگرتنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەدەنگدان بە ڕاپۆرتەکانی حکومەت شەرعیەت دەدات بە لێبڕینی موچە."
جەختیشیان کردووەتەوە: "ئێمە لەبەر چەند ھۆکارێک شەرعیەت نادەین بە پرۆسەکە و بەشدار نابین:
١- دەبوو سەرۆکایەتی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی ئامادەبن، ناردنی ڕاپۆرت و خستنە دەنگدانی ناپێڕەویە.
٢- بە دەنگی زۆرینە ڕاپۆرتەکانی حکومەت پەسەند دەکرێت، ئەم ڕاپۆرتانەش باس لەوەدەکات لە ناچاریدا موچە بڕدراوە، واتە: بەدەنگدان شەرعیەت دەدرێت بەم لێبڕینە.
لەکۆتاییدا ئاماژەیان بەوەشکردووە: "ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ دژایەتی گەندەڵی و نادادی و بەرگری لەمافی موچەخۆران دەیکەین"