گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تیمێکی حکومەت هاتنە سلێمانی و کێشە و گرفتەکانی پارێزگاکە تاووتوێکرا

2020.10.26 - 18:16
تیمێکی حکومەت هاتنە سلێمانی و کێشە و گرفتەکانی پارێزگاکە تاووتوێکرا

ناس کورد-

لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی تیمێکی حکومەت و بەرپرسانی حکومەتی خۆجێیی سلێمانی کێشەو گرفتەکانی پارێزگای سلێمانی تاوتوێکرا و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پشتیوانی حکومەتی بۆ زیاتر چەسپاندنی لامەرکەزییەت ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2020، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا پێشوازیکرد لە وەفدی باڵای سەرۆکایەتیی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆک و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران.

 

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا بەئامادەبوونی قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، گفتوگۆ لەسەر باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداریی و داراییە پێویستەکان کران.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بە پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە حکومەتە خۆجێیەکان و پەیڕەوکردنی لامەرکەزییەت لە جێبەجێکردن و مەرکەزییەت لە چاودێریکردندا بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پەرەپێدانی دەرفەتی سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنان و تەواوکردنی پڕۆژەکان.

 

ئەوەش هاتووە، بڕیاری پێویست لەبارەی داواکاریی و پێداویستیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیەوە درا بەتایبەتی پەیوەست بە خستنەوەگەڕی پڕۆژەکان و زیادکردنی بودجەی بەکاربردن و دابەزاندنی دەسەڵاتی زیاتر بۆ پارێزگاو یەکە کارگێڕییەکان و چارەسەرکردنی گرفتە کارگێڕیی و دارایی و خزمەتگوزارییەکان.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، پلانی شەش مانگی داهاتووی حکومەتی خۆجێیی سلێمانی تاوتوێ کراو میکانیزمی یاسایی و کارگێڕیی و دارایی پێویست بۆ خێراترو باشترو شەفافانەتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکان دیاریکران، کە دواجار هەموویان لە خزمەتی باشتری هاووڵاتیان و دروستکردنی دەرفەتی کارو سەرمایەگوزاریی و بوژاندنەوەی بازاڕدا دەکەونەوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پارێزگای سلێمانی و یەکە کارگێڕیی و دامەزراوە دەوڵەتییەکان دەربڕی و بڕیاردرا چەند کۆبوونەوەیەکی تا بەپێی تایبەتمەندیی فەرمانگاکان ڕێکبخرێن.